ئاگربەست لەگەڵ واشنتن و موشەک و درۆن بۆ کورد؛ تاران فشارەکانی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چڕتر دەکاتەوە
١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا تاران و واشنتۆن لە دۆخی "ئاگربەست"و هێوربوونەوەی گرژییەکاندان، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەر حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامییان هەیە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زنجیرەیەک هێرشی سوپای پاسداران بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کردووەتە ئامانج و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
شەهید و بریندار
بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەیەکی "کۆمەڵە" شەهید بووە و دووانی دیکەش بریندار بوون. هێرشەکان لێرەدا نەوەستان؛ لە هێرشێکی نوێدا کە ئەمڕۆ ئەنجامدرا، سێ پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) شەهید بوون، ئەمەش نیشانەی قۆناغێکی نوێی فشارە سەربازییەکانی ئێرانە لەناو خاکی هەرێمدا.
ستراتیژی تاران: پەرتکە و زاڵبە
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (پەنجەرە) ی ڕاگەیاند: "ئێران لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە چەند ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی یەکگرتنەوە یان ڕێککەوتنی سیاسی لەنێوان حیزبە کوردییەکاندا، تاران دەیەوێت ئەم هێزانە هەمیشە بە پەرتەوازەیی بمێننەوە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە فشارەکان تەنها بۆ ئێستا نین، بەڵکو نەخشەیەکن بۆ داهاتوو.
سەرچاوەکە دەڵێت:”ئێران دەیەوێت ئەم حزبانە ناچار بکات خاکی هەرێم بەجێبهێڵن. لەم قۆناغەدا خۆی فشارە سەربازییەکان دەستپێدەکات، بەڵام چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەغداوە گوشاری یاسایی و ئەمنیی زیاتر بخاتە سەریان و ئەو ئەرکەیان پێ بسپێرێت."
ترسی ئێران لە "کارتی کوردی"
سەبارەت بە هۆکاری بەردەوامی هێرشەکان لە کاتی ئاگربەستدا لەگەڵ واشنتۆن، چاودێران پێیانوایە تاران هێشتا متمانەی بە هێورییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا نییە. ئێران لەوە دەترسێت کە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان، ئەمەریکا "کارتی کورد" وەک فشارێکی ناوخۆیی بەکاربهێنێت، بۆیە پێشوەختە هەوڵی بێهێزکردنی ئەو حیزبانە دەدات.
خەلیل نادری: ئامانجەکە ڕێگریکردنە لە یەکگرتنەوە
لەسەر هەمان پرس، خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بە (پەنجەرە)ی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە ناوچە جیاجیاکان بڵاون، هێرشە بەردەوامەکانی ئێران ڕێک بۆ ئەوەیە ڕێگری بکات لە هەر هەوڵێکی کۆبوونەوە و یەکگرتنەوەی دووبارەی ئەو هێزانە."
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە دۆخی ئەمنیی ناوچە سنوورییەکان بەهۆی بەکارهێنانی درۆن و تۆپخانەکانەوە لەلایەن ئێرانەوە، دووبارە کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی جدی و مەترسی بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست کردووە.