شەپۆلێکی خوێناویی نوێ؛ ژنان دەبنە ئامانجی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئێران
١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جارێکی دیکە خاکی هەرێمی کوردستان بووەوە بە گۆڕەپانی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەمجارە هێرشەکان تەنیا بارەگا سەربازییەکانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو کەمپە مەدەنییەکان و ژنە پێشمەرگەکان بوونەتە قوربانیی سەرەکیی ئەم گرژییە نوێیە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید بوون کە زۆربەیان لە ڕەگەزی مێینەن، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.
وردەکاریی هێرشەکان؛ لە سورداشەوە تا بارەگاکانی دیموکرات
سەرەتای هێرشەکان لە رۆژی چوارشەممەوە دەستی پێکرد، کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆردومانی چڕی بارەگاکانی "کۆمەڵەی زەحمەتکێشان"ی کرد لە ناوچەی سورداش. لەو هێرشەدا، پێشمەرگەیەکی ژن بە ناوی (غەزاڵ مەولان) شەهید بوو، دوو پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.
دوای ئەوە و لە درێژەی هێرشەکاندا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە شەپۆلێکی نوێی موشەک و درۆنە خۆکوژەکان کەمپە مەدەنی و بارەگاکانی "حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران"یان پێکا. حزبی دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا ٣ کەس شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش بریندارن.
قوربانییەکان
ئەو زانیارییانەی لە شوێنی ڕووداوەکانەوە دەست کەوتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی قوربانییەکان پێشمەرگە ژنەکانن. ناوی ئەو شەهیدانەی کە لە هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئەمڕۆدا گیانیان سپاردووە بریتین لە:
* شەهید شاهین ئازەربەرزین: کە لە هێرشێکدا بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان شەهید بوو، لە هەمانکاتدا باوکی بە ناوی (نادر ئازەربەرزین) بە سەختی بریندار بووە.
* شەهید نەدا میری: پێشمەرگەیەکی کچ کە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا بووە ئامانجی بۆردومانەکە.
* شەهید سەمیرا ئەڵڵایاری: هاوسەنگەری نەدا، کە ئەویش لە هەمان پەلاماردا شەهید بوو.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. بە ئامانجگرتنی ژنە پێشمەرگەکان و تێکەڵکردنی کەمپە مەدەنییەکان بە ناوچەی جەنگ، ترسی گەورەی لە لای دانیشتوانی ئەو ناوچانە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.
تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاست هێرشەکان بێدەنگن.