پەنجەرە ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا دەکات؛ ئەحمەد شەرع چی بە رابەری بزووتنەوە وتووە؟

١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا دەکات؛ ئەحمەد شەرع چی بە رابەری بزووتنەوە وتووە؟

پەنجەرە

شاندێکی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەی کورد و داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی لە سوریا تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بوون.

چوار پێشنیار بۆ سوریای داهاتوو

د. ئارام ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئەنقەرە و ئامادەبووی دیدارەکە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ پەنجەرە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە عیرفان عەبدولعەزیز چوار خاڵی جەوهەریی وەک نەخشەڕێگەیەک بە بیری سەرۆکی سوریادا هێناوەتەوە، کە پێشتر لە نامەیەکدا بۆی ناردبوو. خاڵەکان بریتی بوون لە:

* پاراستنی مافی پێکهاتەکان: لەبەرچاوگرتنی مافە نەتەوەیی و ئاینییەکانی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا.
* نوێکردنەوەی فیقهی سیاسی: وازهێنان لە شێوازە کۆنەکانی حکومڕانی و داڕشتنی فیقهێکی سیاسی نوێ کە بتوانێت لە گۆشەنیگایەکی نیشتمانییەوە وڵات بەڕێوەبەرێت، دوور لە فیقهی سیاسی ڕابردوو.

* پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد: خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
* یەکسانی دەستووری: چەسپاندنی مافی کورد و یەکسانکردنیان لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب لە دەستووری نوێی وڵاتدا.

وەڵامی ئەحمەد شەرع: "کورد گەلێکی ڕەسەنە"

بەپێی وتەکانی د. ئارام ئەحمەد، سەرۆکی سوریا ئاماژەی بەوە کردووە کە نامەکەی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی پێگەیشتووە و ناوەڕۆکەکەی بە وردی خوێندووەتەوە. ئەحمەد شەرع لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە: "من بە قەناعەتەوە باوەڕم بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەیە."

هەروەها جەختی کردووەتەوە کە کورد بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی گەلی سوریایە و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە کە هەنگاو بە هەنگاو کار بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەن، بە جۆرێک کە دادپەروەری بۆ هەمووان دەستەبەر بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو