عومەر گوڵپی: تەنیا چارەسەر بۆ چەقبەستوویی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە

١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ

عومەر گوڵپی: تەنیا چارەسەر بۆ چەقبەستوویی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە

پەنجەرە 

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، کە لایەنێکی بایکۆتکاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ “ پەنجەرە"، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی دۆخی ئێستای پەرلەمان دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە پەرلەمان ئیفلیج بووە.

١٨ مانگ بێدەنگی؛ پەرلەمانێکی داخراو

گوڵپی ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی ١٨ مانگە پەرلەمانی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە بە ناکارایی ماوەتەوە و دەرگاکانی داخراون. ناوبراو پێیوایە دوورکەوتنەوەی لایەنە دەسەڵاتدارەکان لە یەکتری، دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەستێکی سیاسی وا کە تاکە ڕێگەی دەربازبوون لێی، گەڕانەوەیە بۆ دەنگی هاووڵاتیان.

پاساوی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەکان ڕێوشوێنی ڕوونیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە بارودۆخانەدا داناوە. 
بە وتەی ئەو باشترین چارەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان  و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنە.

ڕەخنە لە ئیمتیازات و مووچەی بێکار

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عومەر گوڵپی ڕەخنەی لەو پەرلەمانتارانە گرت کە وەک خۆی دەڵێت "خاوەنی ئیمتیازی ماددی و مەعنەوین" بەڵام هیچ کارێکی کردەیی ئەنجام نادەن. ناوبراو پرسیاری ئەوەی کرد: "چۆن دەبێت تۆ ١٨ مانگ هیچ کارێک نەکەیت و هەموو مانگێکیش مووچە وەربگریت؟" و داوای کرد پەرلەمانتاران بە کۆمەڵ دەستلەکاربکێشنەوە بۆ ئەوەی کوردستان لەم چەقبەستووییە ڕزگار بێت.

هەوڵە یاساییەکان لە دادگای فیدراڵی

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوڵپی بیری هێنایەوە کە فراکسیۆنەکەیان لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو هەوڵیان داوە لە ڕێگەی دادگای باڵای ئیتیحادییەوە ئەم خولەی پەرلەمان هەڵوەشێننەوە، بەڵام دادگا بە پاساوی ئەوەی "ئەمە کاری ئەو نییە" خۆی لە بڕیاردان پاراستووە. بەڵام دووپاتی کردەوە کە هێشتا بژاردەی هەڵوەشاندنەوە و هەڵبژاردن، تاکە دەرەچەی ڕاستەقینەیە بۆ بوونەوە بە خاوەنی پەرلەمانێکی کارا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو