چین لە جەنگی ئێران و ئەمەریکادا؛ یاریزانێکی وریا یان هاوبەشێکی نهێنی؟

١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١١ پاش نیوەڕۆ

چین لە جەنگی ئێران و ئەمەریکادا؛ یاریزانێکی وریا یان هاوبەشێکی نهێنی؟

پەنجەرە

بۆجوونەکان لەبارەی رۆڵی چین لە ئەمەریکا لە میانی شەڕی دژ بە ئێران جیاوازن، هەندێک پێیانوایە رۆڵی ئەو وڵاتە کاریگەر و هەندێکی تر رۆڵی بەسنوردار دەبینن.

جوڵەی نەرم 

لە کاتێکدا دیپلۆماسی پاکستان پێشەنگی هەوڵەکانە بۆ نێوەنگیری نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەڵام چین بە وریاییەوە مامەڵە دەکات لەدوای شکستهێنانی گەڕی یەکەمی دانوستان.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، داوای لە هاوتا پاکستانییەکەی کرد هاوکار بێت لە پاراستنی ئاگربەستە کاتییەی بەزەحمەت بەدەستهاتووە. 
هەرچەندە وەزیرە چینییەکە لە گفتوگۆیدا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختیکردەوە پەکین هێشتا پاڵپشتی تاران دەکات، بەڵام داواشیکرد گەرووی هورمز دووبارە بکرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی. 

ئەمە نیگەرانی چین دەردەخات لە بەردەوامی داخستنی ئەم ڕێڕەوە گرنگەی وزە و کاڵا چینییەکان؛ چونکە چین زیانێکی زۆر دەکات ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن، بەوپێیەی نزیکەی سێیەکی هاوردەی نەوتی خاوی چین سەرچاوەکەی کەنداوی عەرەبییە، هەروەها چین پشت بە هەناردەکردن دەبەستێت بۆ پاڵپشتی ئابوورییەکەی، بۆیە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە دەبێتە هۆی دابەزینی خواست لەسەر کاڵا چینییەکان.

خەمی چین

چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئەمەریکا و ئێران بووەتە خەمی گەورەی چین، بەوپێیەی بایەخدان بە هاوردەکردنی وزە و ناردنە دەرەوەی کاڵا لە ئەولەویەتی کاری چینییەکانە.

سەرۆکی چین، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئیدانە کرد و بە گەڕانەوە بۆ "یاسای دارستان" وەسفی کرد (وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ دۆناڵد ترەمپ)، هەروەها پلانێکی پێنج خاڵی چینی-پاکستانی بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان خستەڕوو کە بۆ یەکەمجار لە ٣١ی ئازاردا لە پەکین ڕاگەیەندرا، کە پێکهاتبوو لە: ئاگربەستی دەستبەجێ، دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی، ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان، دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا و ڕێزگرتن لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە چین بە وریاییەکی زۆرەوە خۆی لە تێوەگلان لە ئاڵۆزییەکان دەپارێزێت سەرەڕای زیادبوونی نیگەرانییەکانی لە کاریگەری جەنگ لەسەر ئابوورییەکەی. 
ئەمە ئاماژەشە بۆ پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ئێران کە داوای لە چین کردبوو ئاسایشی بۆ دەستەبەر بکات. چین پێگەی خۆی وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بەکارنەهێناوە بۆ فشارخستنە سەر تاران تا داواکارییەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات.

نیگەرانی ئەمریکا

سەرەڕای ڕۆڵە دیپلۆماسییە وریایەکەی چین، هەندێک لە واشنتۆن بە نیگەرانییەوە دەڕواننە ڕۆڵە ڕانەگەیەندراوەکەی پەکین کە هەندێک ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" و تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاماژەیان پێ کردووە، بۆ نموونە کاتێک ڕایانگەیاند کە ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیارییان دەستکەوتووە کە ڕەنگە چین لە هەفتەکانی ڕابردوودا بارێکی موشەکی سەرشان (دژە فڕۆکە)ی بۆ ئێران ناردبێت، هەرچەندە بۆ ئەمە بەڵگە لەبەردەستدا نییە.

ئەوانەی گومانیان لە ڕۆڵی چین هەیە وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی ئەمریکا، پێیانوایە ئەو مشتومڕەی لە ناو پەکیندا هەیە دەربارەی ناردنی موشەک بۆ ئێران، ئاماژەیە بۆ ئەوەی چین تا چەند هەست بە گرنگی ئەم ململانێیە دەکات. 

ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئاژانسە هەواڵگرییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی چین بە نهێنی هەڵوێستی لە جەنگەکەدا گرتووەتە بەر، لە ڕێگەی ڕێگەدان بە هەندێک کۆمپانیا بۆ ناردنی ماددەی کیمیایی و سووتەمەنی و پێکهاتەیەک کە دەکرێت لە بەرهەمهێنانی سەربازیدا بەکاربهێنرێن لەژێر پەردەی "بەکارهێنانی دووقی"دا.

ئەم ڕاپۆرتانە گومانی زیاتریان بەدوای خۆیاندا هێنا چەند ڕۆژێک پێش ڕێککەوتنی ئاگربەست، کاتێک ئێرانییەکان دوو فڕۆکەی جەنگی ئەمریکییان بە موشەکی سەرشان خستە خوارەوە، کە ئەمریکییەکان پێیانوایە چینییە و بە "مانپاد" (MANPADS) دەناسرێت، کە توانای خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانەی هەیە لە بەرزی نزمدا دەفڕن.

 وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نکوڵی لەوە کرد وڵاتەکەی موشەکی بۆ ئێران ناردبێت، بەڵام ئەمە گومانەکانی لە ڕۆڵی هاوبەشی چینی-ڕووسی نەڕەواندەوە، کە پێیانوایە ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ ڕکابەرە بەهێزەکانی ئەمریکا تا تێچووی جەنگ لەسەر واشنتۆن زیاد بکەن و پێدەچێت سوپای ئەمریکا زیاتر تێوەگلێنن لە ململانێیەکدا کە دەتوانێت هێز و ڕۆڵی باڵادەستی ئەمریکا لە جیهاندا لاواز بکات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی هەواڵگری ئەمریکا بەڵگەی دەستکەوتووە کە ڕووسیا زانیاری هەواڵگری ئاسمانی وردی داوە بە سوپای ئێران لە بەئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان و دامەزراوە سەربازیی و دیپلۆماسییەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

چین و نەوتی ئێران

 بەپێی ڕاپۆرتێکی لیژنەی پێداچوونەوەی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، چین نزیکەی ٩٠٪ی هەناردەی نەوتی ئێرانی کڕیوور، ئەمەش دەیان ملیار دۆلار داهاتی ساڵانە دابین دەکات کە پاڵپشتی بودجەی حکومەتی ئێران و چالاکییە سەربازییەکانی دەکات.

بەپێی راپۆرتی لیژنەکە، چین یارمەتی ئێران دەدات بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئێران نەوت بە نرخێکی کەم دەداتە چین، تاران بەشداری هەوڵەکانی پەکین دەکات بۆ لاوازکردنی ئەو سیستەمە جیهانییەی ئەمریکا ڕابەرایەتی دەکات، لەوانە لە ڕێگەی ڕێکخراوە جێگرەوەکانی وەک کۆمەڵەی "بریکس" و "ڕێکخراوی شانگهای بۆ هاوکاری".

سەرەڕای واژۆکردنی "ڕێککەوتنامەی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیر" لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ، چین کارئاسانی دەکات بۆ تاران تا کاریگەری سزاکان کەم بکاتەوە لە ڕێگەی تۆڕە بازرگانی و داراییەکانی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا. 
بانکە چینییەکان و کۆمپانیا وەهمییەکان پرۆسەکانی فرۆشتنی نەوت و گەیشتن بەو تەکنەلۆژیایانەی کە پاڵپشتی بەرنامە موشەکی و درۆنەکانی ئێران دەکەن، ئاسان دەکەن.

ساتێکی هەستیار

 لەم ساتە هەستیارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین پێیدا تێپەڕ دەبن و ئەو سەردانەی بڕیارە ترەمپ مانگی داهاتوو بۆ پەکین ئەنجامی بدات بۆ دیداری سەرۆکی چین، وا دەکات قسەکردن لەسەر ڕۆڵێکی سەربازی چینی دژ بە ئەمریکا قورس بێت، چونکە دەبێتە وەرچەرخانێکی زۆر مەترسیدار لە پەیوەندی نێوان دوو گەورەترین زلهێزی ئابووری جیهان.

چین درک بەوە دەکات خاوەنی ئەو هێزە سەربازییە نییە بۆ سەپاندنی خواستەکانی؛ بەشێک لە دودڵی پەکین بۆ تێوەگلانی زیاتر لە تەنگژەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی بە مەسەلەی تواناکانەوە هەیە. 
سوپای چین کە بە خێرایی گەشە دەکات، خاوەنی تۆڕێکی فراوانی بنکەی دەرەکی نییە وەک ئەمریکا. بۆیە زۆر قورس دەبێت بۆ چین کە گەرەنتی ئەمنی بداتە ئێران، هەروەها پەکین بەهۆی ئەولەویەتە دژبەیەکەکانەوە قۆڵبەستکراوە؛ پێویستی بە ئیدارەدانی کاریگەرییە ئابوورییەکانی قەیرانی وزە و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا هەیە پێش کۆبوونەوەی سەرۆک شی و سەرۆک ترەمپ.

شێوازی دەستوەرنەدان

چین کە زۆرجار بانگەشەی دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی تر دەکات، دەیەوێت وەک ڕێبەرێکی جیهانی دەربکەوێت لەم بوارەدا.بە پێچەوانەی ئەمریکاوە کە لە ڕێگەی هاوپەیمانییە بەرگرییەکانەوە باڵادەستی خۆی پاراستووە، چین تەنها یەک هاوپەیمانی هەیە بەپێی پەیماننامە کە ئەویش کۆریای باکوورە. 

فەرمانڕەوایانی چین نایانەوێت پابەند بن بە بەرگرییکردن لە وڵاتێکی تر، لە ترسی ڕاکێشانیان بۆ ناو جەنگێکی گرانبەها کە لە کۆتاییدا هێزی وڵاتەکەیان لاواز بکات.

هەرچەندە جەنگ سوودی بۆ پەکین هەیە چونکە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرقاڵ دەکات لەبری تیشکخستنە سەر ناوچەی زەریای هیندی و هێمن، بەڵام زیانە ئابوورییەکان کە لە کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ستراتیژیدا دەردەکەون، زۆر لە دەستکەوتە جیۆپۆلیتیکییەکان گەورەترن.

دوورکەوتنەوە لە لۆمە

چین نایەوێت لۆمە بکرێت ئەگەر دانوستانەکانی ئاشتی شکستیان هێنا. بەڵگەش بۆ ئەوە کاتێک بەرپرسانی ئێران ستایشی چینیان کرد بۆ بەشداریی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەفتەی ڕابردوو، پەکین هیچ ڕۆڵێکی خۆی لەو بارەیەوە پشتڕاست نەکردەوە و نکوڵیشی لێ نەکرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەنها ڕۆڵێکی ناڕاستەوخۆی هەبووە و هانی لایەنەکانی داوە بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ.

ئەمە گوتاری گشتی چینی لە کاتی جەنگەکەدا ڕوون دەکاتەوە کە زۆربەی کات بێلایەن بوو، ڕەنگە بەهۆی ئەو پەیوەندییە ئابوورییە بەهێزانەی چین بە وڵاتانی عەرەبی کەنداوەوە دەبەستێتەوە کە کەوتبوونە بەر هێرشی ئێران. 
چین گرنگییەکی زیاتر بە پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کەنداو دەدات بەراورد بە ئێران، چونکە پەیوەندییە ئابووری و تەکنەلۆژی و وزەییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە زۆر ڕووەوە لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ چین گرنگترن لە هەر پەیوەندییەک کە بە ئێرانەوە بیبەستێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو