ستراتیژی "چاوەڕوانی و بێلایەنی"؛ ئایا تورکیا دەتوانێت خۆی لە پشکۆی جەنگی ئێران بپارێزێت
١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
راگەیاندنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بۆ ئەنقەرە چاوەڕوان کراوبوو، بەڵام جێگەی ڕەزامەندیش نەبوو. تورکیا شانبەشانی هێزە ناوچەییەکانی تر، لەوانەش سعودیە، هەوڵێکی زۆری دا بۆ ڕێگریکردن لەم جەنگە، بەڵام کاتێک هەوڵەکان شکستیان هێنا، ئەنقەرە بژاردەی "بێلایەنی" هەڵبژارد؛ هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەمووان و چاوەڕوانکردن.
ئەم هەڵوێستە هەرچەندە لۆژیکی دیارە، بەڵام ڕاستییەکی قووڵتر دەردەخات: تورکیا کۆنترۆڵێکی سنوورداری بەسەر مەترسییەکانی ئەم جەنگەدا هەیە و کاریگەریشی لەسەر ئەنجامەکانی کەمە.
فشار
پەرچەکردارە سەرەتاییەکانی ئەنقەرە گوزارشت بوون لە دڵەڕاوکێی زۆر. ئەردۆغان هێرشەکانی بە "پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد و ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی هێزە ئەمریکییەکاندا داخست.
تەنانەت بەشەخسی سەرەخۆشی لە کۆچی دوایی عەلی خامنەیی کرد. لە هەمان کاتدا، بۆ ئەوەی وەک هاوپەیمانی تاران دەرنەکەوێت، ئەنقەرە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو سەرکۆنە کرد و هاکان فیدان، ئێرانی بە بەرپرسیاری شکستی گفتوگۆکانی پێش جەنگ زانی. پەیامەکە ڕوون بوو: تورکیا دژی جەنگە، بەڵام هاوپەیمانی هیچ لایەک نییە.
ئەم دۆخە پاشەکشەیە لەو دیدگا نوێیەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوون، کە بریتی بوو لە لەپێشینەبوونی "دیپلۆماسی و بازرگانی" نەک ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی. ئێستا ئیسرائیل وەک هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئەم سیستەمە ناوچەییە دەبینرێت و جێگەی ئێرانی گرتووەتەوە.
ترسی تورکیا
تورکیا لە چەند بەرەیەکەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە:
* قەیرانی کۆچبەران: مەترسی هەرە گەورە، داڕمانی دەوڵەتی ئێران یان جەنگی درێژخایەنە کە ببێتە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران بەرەو تورکیا. ئەزموونی سووریا و وەرگرتنی ملیۆنان پەنابەر، فشارێکی زۆری لەسەر ژێرخانی تورکیا دروست کردووە و ئەنقەرە ناتوانێت شەپۆلێکی هاوشێوە لە ئێرانەوە تاقیبکاتەوە.
* ئاسایشی وزە و ئابووری: داخستنی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گورزێکی کوشندەیە بۆ ئابووریی تورکیا کە بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت.
3. ئاسایشی ناوخۆیی: تێپەڕبوونی مووشەکە ئێرانییەکان بە ئاسمانی تورکیادا و بوونی بنکە سەربازییەکانی ناتۆ (وەک ئینجەرلیک و کورەجیک) مەترسی ڕاستەوخۆن. هەرچەندە تورکیا هەوڵی داوە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات و پەرچەکرداری توند نیشان نەدات بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو جەنگەکە نەبێت.
گرێکوێرەی کورد و "پژاک"
یەکێکی تر لە ترسە ستراتیژییەکانی تورکیا، ئەگەری چەکداربوونی کوردەکانی ئێران و جووڵەی حزبە کوردییەکانە، بەتایبەت "پژاک". هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ پڕچەککردنی کوردەکان دژی تاران کە ترەمپ دانی پێدانا، تورکیا تووڕە دەکات و ڕەنگە ئەنقەرە و تاران لە دژی ئەو پلانە بخاتە ناو هاوپەیمانییەکی ناچارییەوە.
دەرفەتەکان بۆ ئەنقەرە
سەرەڕای مەترسییەکان، جەنگەکە هەندێک دەرفەتیشی ڕەخساندووە:
• لە ناوخۆدا: حکومەت جەنگەکە وەک بەڵگەیەک بەکاردێنێت بۆ پێویستیی "دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز" و برەودان بە پیشەسازی بەرگریی و درۆنەکانی.
• لە دەرەوەدا: لاوازبوونی ئێران (بەبێ داڕمانی تەواوەتی) دەبێتە هۆی چۆڵبوونی گۆڕەپانەکە لە سووریا، عێراق و قەوقاز، ئەمەش ڕێگە بۆ تورکیا خۆش دەکات هەژموونی خۆی لەو ناوچانەدا فراوانتر بکات، وەک ئەوەی لە سووریای دوای ئەسەد بینیمان.