فشارەکانی سودانی و سەردانەکەی قائانی؛ عێراق لە بەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیراندا
١٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بڕیار وابوو هێزەکانی نێو “چوارچێوەی هەماهەنگی" ئێوارەی رۆژی شەممە بە کاتی بەغدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی لەسەر ناوی کاندیدێک رێکبکەون، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە "الحرة"ی ڕاگەیاندووە کە دواخستنی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای ڕاستەوخۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا بووە.
بڵاوبوونەوەی زانیاریی لەبارەی دواخستنی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای سودانی لەکاتێکدایە، پێشتر میدیای پەنجەرە لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، دۆخی سودانی خراپە و داوایکردووە کۆبوونەوەکە دوابخرێت.
سودانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستی بە "24 کاتژمێر"ە بۆ جێگیرکردنی هاوپەیمانییەکان و بەدەستهێنانی دەنگی ئەو لایەنانەی هێشتا بڕیاریان نەداوە، تاوەکو بتوانێت خولی دووەمی سەرۆکایەتی مسۆگەر بکات.
سەرەتا هەندێک لایەن ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دژی دواخستنەکە بوون، بەڵام فشارە سیاسییەکان ناچاری کردن لە ساتەکانی کۆتاییدا ڕازی بن. دواخستنی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای سودانی، پرسیاری زۆری لای چاودێران دروست کردووە کە ئایا ناوبراو دەتوانێت هاوکێشەکە بەسەر نەیارەکانیدا پێچەوانە بکاتەوە؟
سودانی بە پێداگرییەوە هەوڵ بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی دەدات، چونکە پێیوایە هاوپەیمانێتییەکەی براوەی هەڵبژاردنە، ئەمەش مافی ئەوەی پێدەدات وەک سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە.
سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی قائانی
هاوکات لەگەڵ ئەم چەقبەستووییە سیاسییە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا.
بە بڕوای چاودێران، قائانی کە هەوڵ دەدات نێواب هێزە شیعەکان لە عێراق ڕێکبخاتەوە، ناوبراو ئەو کاریگەرییەی نییە کە پێشتر (قاسم سولەیمانی) هەیبوو، کە لە ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئەمریکیدا لە بەغدا کوژرا.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ "الحرة" کردووە، قائانی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەتەوە و باسی لە پێویستی پێکهێنانی "حکومەتێکی بەهێز کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە هەرێمایەتییەکانی هەبێت" کردووە.
کێبڕکێ لە نێوان دوو کاندیدا
زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کێبڕکێکە لە نێوان دوو کاندیدا چڕبووەتەوە:
* محەمەد شیاع سودانی: کە پشت بە "دەستکەوتە خزمەتگوزارییەکانی" و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی (هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) دەبەستێت، کە گەورەترین فراکسیۆنە و لانی کەم 45 کورسی هەیە.
* باسم بەدری: سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، کە وەک کاندیدی "سازان" دەرکەوتووە و پاڵپشتییەکی بەهێزی نوری مالیکی (دەوڵەتی یاسا) و قەیس خەزعەلی (عەسائیبی ئەهلی حەق)ی هەیە.
بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، پێویستە کاندیدەکە "دوو لەسەر سێی" دەنگەکان (واتە 8 دەنگ لە کۆی 12) بەدەستبهێنێت.