ئێران؛ لە جەنگەوە بۆ "کێشە ڕاستەقینەکان"

١٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ

ئێران؛ لە جەنگەوە بۆ "کێشە ڕاستەقینەکان"

پەنجەرە

ئێرانییەکان هەوڵی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی دەدەن، دوای چەند هەفتەیەک لە بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەڵمەتێکی توندی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کە کوژرانی هەزاران کەسی لێکەوتەوە. بەڵام هێشتا خەڵک لە ژێر کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکان و پچڕانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتدا، نیگەرانی داهاتوون.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆ سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاگربەست و گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەئاڵۆزییەکان، دوکان و چێشتخانە و فەرمانگە حکومییەکان دەرگاکانیان واڵا کردووەتەوە.

لە رۆژانی خۆرەتاوی بەهار و جوانی دیمەنەکانی ئەم وەرزە، پارکی شارەکان پڕن لەو خێزانانەی بۆ سەیران هاتوونەتە دەرەوە و گەنجانیش خەریکی وەرزشن، هەندێکی دیکەش لە کافتریای سەر شەقامەکان کۆبوونەتەوە.

ئارامی و پەنگخواردنەوەی توڕەیی

بەڵام لە پشت ئەم دیمەنە ئارامانەوە، ئابووری ئێران بەرەو داڕمان دەچێت، خەڵک لە هەڵمەتێکی نوێی سەرکوتکردن دەترسن و بەهۆی هێرشە ئاسمانییە وێرانکەرەکانەوە توڕەن. وا پێدەچێت ئەو تەنگەژانەی کە بوونە هۆی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، زیاتر قووڵ ببنەوە.

فاریبا (٣٧ ساڵ) کە بەشداری خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی کردووە، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاند: "جەنگ کۆتایی دێت، بەڵام ئەوکات کێشە ڕاستەقینەکانمان لەگەڵ ڕژێم دەست پێدەکات. زۆر دەترسم ئەگەر ڕژێم لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ڕێککەوتن، فشارەکان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی زیاتر ببن."

هەروەها وتی: "خەڵک تاوانەکانی ڕژێمی لە کانوونی دووەم بیرنەچووە، ڕژێمیش بیری نەچووە کە خەڵک ئەویان ناوێت. ئێستا خۆی گرتووە چونکە نایەوێت لە بەرەی ناوخۆشدا بجەنگێت."

ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆردومانەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، کە لە نێویاندا دەیان کچە خوێندکاری قوتابخانەیەک هەن کە لە ڕۆژی یەکەمی ململانێکاندا کرانە ئامانج. هەروەها بۆردومانەکان ژێرخانی وڵاتیان وێران کردووە، ئەمەش ئەگەری هەڵکشانی بێکاریی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

داهاتوو

ئومێد مێماریان، شرۆڤەکاری کاروباری ئێران لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی "دۆن" لە ئەمریکا، دەڵێت: "ئێرانییەکان تێگەیشتن کە ئەم جەنگە نابێتە هۆی ڕووخانی ڕژێم، بەڵام لە هەمانکاتدا ژیانیان لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر خراپتر دەکات." 

دەشڵێت: "سوپا چەک دانانێت، ئەوان دەمێننەوە و دۆخەکە خوێناوی دەبێت. تێچوویەکی زۆری دەبێت بێ ئەوەی هیچ هیوایەک بۆ داهاتوویەکی باشتر هەبێت."
مەهتاب کە فەرمانبەری کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە، دەڵێت: "نامەوێت بڵێم دۆخەکە ئاساییە، بەڵام وەک ئێرانییەک کە هەموو ئەمانەم بینیوە، ئەوەندەش خراپ نییە. دەتوانین لەگەڵی ڕابێین."

بەڵام ئەو ئێرانییانەی ڕۆیتەرز لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوە کردوون، هاوڕا نەبوون و نیگەرانیی زۆرتریان نیشان داوە. سارا (٢٧ ساڵ) کە مامۆستایە، دەڵێت: "بەڵێ، خەڵک ئێستا چێژ لە ڕاگرتنی شەڕ وەردەگرن، بەڵام دواتر چی ڕوودەدات؟ بڕیارە چی بکەین لەگەڵ ڕژێمێک کە ئێستا بەهێزتر بووە؟"

بژاردە

لەکاتێکدا ترەمپ و نەتانیاهۆ لە سەرەتای جەنگەکەدا باسیان لە ڕووخانی دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی دەکرد، مێماریان پێیوایە کە ئەو ئامانجە لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانەکان کاڵ بوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆرێک لە ئێرانییەکان تێگەیشتوون کە "ئەم جەنگە بۆ یارمەتیدانی گەلی ئێران دیزاین نەکراوە."

حسێن ڕەسسام، شرۆڤەکاری سیاسی ئێرانی نیشتەجێی بەریتانیا، دەڵێت جەنگ ئێرانییەکانی زیاتر لە جاران دابەش کردووە، بەڵام بژاردەی کەمیان لەبەردەستە. "ئەمە ساتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئێرانییەکان، چونکە لە کۆتاییدا تێدەگەن کە دەبێت پێکەوە بژین. هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆی بچن."

ئاگر و خۆڵەمێش

زۆرێک لە ئێرانییەکان دەترسن سەرکوتکردنەکان توندتر ببنەوە. ئەرجەنگ (٤٣ ساڵ) دەڵێت: "لە شەقامەکاندا ژنان بێ سەرپۆش دەسوڕێنەوە، بەڵام دیار نییە ئایا ئەم ئازادییانە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبن یان نا. فشارەکان ١٠٠٪ زیاد دەکەن چونکە ڕژێم چیتر ڕووبەڕووی فشاری دەرەکی نابێتەوە."

فائیزە (٤٧ ساڵ) دەڵێت تەنانەت پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسوکارمان لە دەرەوەی وڵات بەهۆی سنووردارکردنی ئینتەرنێتەوە بووەتە مەحاڵ. مێماریان لە کۆتاییدا دەڵێت: "ناڕەزایەتییەکان ڕەنگە دوای جەنگ سەرهەڵبدەنەوە، خەڵک کەمتر دەترسن لەوەی تۆمەتی ناپاکییان بدرێتە پاڵ. ئاگرێکی زۆر لە ژێر ئەم خۆڵەمێشەدا هەیە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو