تارماییەکانی گەرووی هورمز؛ "کەشتیگەلی مێشوولە" چۆن هاوکێشەی جەنگی گۆڕی؟

١٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ

تارماییەکانی گەرووی هورمز؛ "کەشتیگەلی مێشوولە" چۆن هاوکێشەی جەنگی گۆڕی؟

پەنجەرە

دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بەئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە وڵاتەکەی زۆربەری کەشتییە دەریاییەکانی ئێرانی تێکشکاندووە.

بەڵام تاران هێشتا بەردەوامە لە لەمپەر دروستکردن لە گەرووی هورمز، دوێنێ شەممە دووبارە داخستنەوەی گەرووەکەی ڕاگەیاند، هاوکات هەواڵی بەئامانجگرتنی چەند کەشتییەکی بارهەڵگر بڵاوکرایەوە کە ویستوویانە لەو ڕێڕەوە دەریاییەوە تێپەڕبن.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پاشماوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئێران لە کەناراوەکان کە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل نوقم کرابوون، بەڵام ئەوەی بە "کەشتییە بچووکەکان" (Mosquito Fleet) ناسراوە، هێشتا چالاکن.

"کەشتیگەلی مێشوولە" چییە؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، ئەم کەشتیگەلە لە ژمارەیەکی زۆر بەلەمی بچووک، خێرا و سووک پێکهاتووە کە بۆ تێکدانی جووڵەی کەشتیوانی دروستکراون. ئەم بەلەمانە بڕبڕەی پشتی هێزی دەریایی سوپای پاسداران پێکدەهێنن، کە هێزێکی جیاوازە لە هێزی دەریایی سوپای ئاسایی ئێران.

ئەم بەلەمە بچووکانە، بەتایبەتی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە دەتوانرێت لێیانەوە یان لە حەشارگە  وشکانییەکانەوە هەڵبدرێن، هەڕەشەی سەرەکین کە ڕێگرییان لە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز کردووە.

شیکەرەوەکان دەڵێن ئەم بەلەمانە زۆرجار ئەوەندە بچووکن لە وێنەی مانگە دەستکردەکاندا دەرناکەون، لەناو لەنگەرگای ناو ئەشکەوتە قووڵەکانی کەناراوە بەردەڵانەکاندا دەبەسترێنەوە، بەجۆرێک تەنها لە چەند خولەکێکدا ئامادەی هێرشکردن دەبن.

"جەنگی دارستان لە ناو دەریا"

سەعید گۆڵکار، شارەزا لە کاروباری سوپای پاسداران و مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تێنیسی، ڕایگەیاند: "هێزی دەریایی سوپای پاسداران زیاتر وەک جەنگی چەکداری (Guerilla warfare) لە دەریادا کار دەکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان جەخت لەسەر "جەنگی ناهاوسەنگ" دەکەنەوە؛ لەبری پشت بەستن بە کەشتییە جەنگییە گەورەکان و شەڕی دەریایی کلاسیک، پشت بە هێرشی "دەست بوەشێنە و ڕاکە" دەبەستن.
لەلایەکی ترەوە، ئەدمیراڵ گاری ڕوگهید، فەرماندەی پێشووی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا، وتی: "ئەمە هێزێکی سەر لێشێوێنەرە.. بە تەواوی نازانرێت پلانیان چییە یان مەبەستیان چییە."

زیانەکان و قەبارەی هێزەکە

جێگەی ئاماژەیە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ٨ ی نیسان، جەنەڕاڵ دان کاین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، ڕایگەیاند کە زیاتر لە %90ی کەشتیگەلی دەریایی ئێران، لەوانەش کەشتییە جەنگییە سەرەکییەکانیان، لە بنی دەریادان. 

هەروەها وتیشی نزیکەی نیوەی بەلەمە هێرشبەرە خێراکانی سوپای پاسدانیش نوقم کراون، بەبێ ئەوەی ژمارەیان دیاری بکات.
خەمڵاندنەکان بۆ ژمارەی ئەم بەلەمانە لە نێوان سەدان بۆ هەزاران بەلەمە، چونکە سەرژمێریکردنی وردیان کارێکی قورسە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران نزیکەی 50 هەزار کارمەندی هەیە و هێزەکانی بەسەر پێنج کەرتدابە درێژایی کەنداوی عەرەبی دابەش کردووە. بە گشتی، لانی کەم 10 بنکەی قایم و شاراوەیان بۆ بەلەمە هێرشبەرەکان دروست کردووە، کە دوورگەی "فارور" ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتە دەریاییەکانیانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو