پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران؛ شیکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکە و دامەزراوە باڵاکان

١٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٨ پاش نیوەڕۆ

پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران؛ شیکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکە و دامەزراوە باڵاکان

پەنجەرە

لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتەدا سەرلەنوێ داڕێژرایەوە و لە پاشایەتی دەستوورییەوە کە شای ئێران سەرۆکایەتی دەکرد، گۆڕدرا بۆ سیستەمی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی. 
ئەم سیستەمە نوێیە لە سێ دەسەڵات یان دامەزراوە پێکدێت کە نوێنەرایەتی وڵات دەکەن، ئەوانیش: دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری. بەپێی ماددەکانی ٥٧ و ٦٠ی دەستوور، هەموو ئەم دەسەڵاتانە لەژێر چاودێری ڕێبەری باڵادان.

دەسەڵاتی یاسادانان

دەسەڵاتی یاسادانان دابەش دەبێت بۆ سێ ئەنجومەن کە ئەرکیان دانانی یاسا و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە:

* ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم: دامەزراوەیەکی باڵای ڕاوێژکارییە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٤ دامەزراوە. لە پسپۆڕان پێكدێت بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژ بە ڕێبەر. 
ماوەی کارکردنی ٥ ساڵە و لە ٣١ ئەندام پێکدێت. ڕێبەری باڵا ئەندامەکانی دیاری دەکات، جگە لە سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبنە ئەندام. ئەرکی سەرەکی ئەم ئەنجومەنە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە.

* ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور: لە ساڵی ١٩٨٠ دامەزراوە و لە ١٢ ئەندام پێکدێت (٦ فەقیهی ئاینی و ٦ یاساناس). ئەرکی ئەم ئەنجومەنە چاودێریکردنی یاساکانی پەرلەمانە تاوەکو لەگەڵ شەریعەت و دەستووردا بگونجێن، هەروەها سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان و پەسەندکردنی کاندیدانی سەرۆک کۆمار و پەرلەمان دەکات.

* ئەنجومەنی شوورا (پەرلەمان): دەزگایەکی یاسادانانە کە ٤ ساڵ جارێک لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت. ٢٩٠ ئەندامی هەیە کە نوێنەرانی سیمبولی پێکهاتەکانی تێدایە، لەوانەش کەمینە ئایینییەکانی وەک زەردەشتی، جوو، مەسیحی ئاشووری، کلدانی و ئەرمەنییەکان. ئەرکی پەرلەمان بریتییە لە: دانانی یاسا، تاوتوێکردنی پلانی حکومەت، پەسەندکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک کۆمار (بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان).

دەسەڵاتی جێبەجێکردن

پێکدێت لە سەرۆکایەتی کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی. بەپێی دەستوور، سەرۆک کۆمار بەرزترین دەسەڵاتی فەرمییە لە وڵاتدا لە دوای ڕێبەری باڵا و لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت.

* ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار: دیاریکردنی وەزیرەکان و ناساندنیان بە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە، سەرپەرشتیکردنی کارەکانی حکومەت و هەماهەنگی لە نێوان وەزیرەکاندا.
* ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی: سەرۆک کۆمار ئەم ئەنجومەنە پێکدەهێنێت بۆ دیاریکردنی سیاسەتە بەرگریی و ئەمنییەکان لە چوارچێوەی ئەو هێڵە گشتییانەی ڕێبەر دیارییان دەکات. ئەندامەکانی بریتین لە: سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ و هەواڵگریی.

دەسەڵاتی دادوەریی

ئەم دەسەڵاتە لەژێر بەڕێوەبردنی وەزارەتی داددایە و لە دادگای باڵاوە تا دادگا ناوخۆییەکان دەگرێتەوە. ڕێبەری باڵا کەسێکی "موجتەهید و دادپەروەر" بۆ ماوەی ٥ ساڵ وەک سەرۆکی ئەم دەسەڵاتە دادەمەزرێنێت.
* سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری: ئەرکی دامەزراندنی فەرمانگە پێویستەکان، داڕشتنی پڕۆژەیاسا دادوەرییەکان و دامەزراندن یان دوورخستنەوەی دادوەرانی لە ئەستۆیە.
* وەزیری داد: بەرپرسە لە پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان.
* دادگای باڵا: چاودێری جێبەجێکردنی دروستی یاساکان لە دادگاکاندا دەکات. سەرۆکی دادگای باڵا و داواکاری گشتی دەبێت موجتەهید بن و لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ دیاری دەکرێن.

ئەنجومەنی شارەزایان (مجلس خبرگان)

لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە و لە ٨٨ ئەندام پێکدێت کە بۆ ماوەی ٨ ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئەرکی سەرەکی ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە: دیاریکردنی ڕێبەری باڵا، چاودێریکردنی کارەکانی و لادانی لە پۆستەکەی ئەگەر پێویست بکات، بەپێی ماددەی ١١٠ی دەستوور.

بەڵام ئەم ئەنجومەنە بەکرداری لەژێر هەژموونی رێبەری باڵادان و نەک هیچ هەنگاوێک بۆ لابردنی رێبەری باڵا نانێن، بەڵکو جێبەجێکاری ئەجێندای رێبەری باڵان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو