هورمز لەنێوان هەڕەشەی داخستن و ترسی پێکدادان؛ ترەمپ لە بیرۆکەی هێرش بۆ سەر دورگەی "خارگ" دەکشێتەوە

١٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٩ پاش نیوەڕۆ

هورمز لەنێوان هەڕەشەی داخستن و ترسی پێکدادان؛ ترەمپ لە بیرۆکەی هێرش بۆ سەر دورگەی "خارگ" دەکشێتەوە

پەنجەرە

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارگ"ی ئێران لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە ناکات، ئەوەش لەترسی گەیشتنی زیانی گەورە بە هێزە سەربازییەکان.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، بۆ سەرۆکی ئەمریکا روونکراوەتەوە کە پڕۆسەی دابەزینی ئاسمانی سەربازیی بۆ سەر دوورگەکە سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام ترەمپ پێیوایە سوپای ئەمریکا دەبێتە ئامانجێکی ئاسان و قوربانی زۆر دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، گەرووی هورمز بە داخراوی مایەوە لە سایەی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی هێشتا "دوورە" سەرەڕای هەبوونی هەندێک پێشکەوتنی کەم لە دانوستانەکاندا.

گەڕانەوەی گرژییەکان بۆ گەرووی هورمز

ئاڵۆزییەکا  لە گەرووی هورمزدا ڕوو لە هەڵکشانن. بەکەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی کردنەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکە، تاران لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە و سنووردارکردنی هاتوچۆی سەپاندەوە. 

هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختیان کردەوە گەرووەکە، یەکێکە لە گرنگترین شا دەمارە دەریاییەکانی جیهان و پێنج یەکی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی شلەی پێدا تێدەپەڕێت، کەوتووەتەوە ژێر ئیدارەدانی توند و چاودێری ڕاستەوخۆی سوپا.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵی تاران بەسەر گەرووەکەدا داواکردنی تێچووی خزمەتگوزارییەکان دەگرێتەوە کە پەیوەستن بە ئاسایش، سەلامەتی و پاراستنی ژینگە.

ئێران دەڵێت داخستنی گەرووەکە وەک وەڵامێکە بۆ بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرە ئێرانییەکان، کە بە پێشێلکردنی ئاگربەستی وەسفی دەکەن ، هەروەها هەڵگرتنی گەمارۆکانی مەرجدار کردووە بۆ کردنەوەی گەرووەکە.

ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ بێباکی خۆی بەرامبەر ئاڵۆزییەکان پیشاندا و لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوانە "نابنە هۆی ئەوەی بتوانن باجمان لێ وەربگرن". ترەمپ بەرگریی لە گەمارۆدانی بەندەرە ئێرانییەکان کرد و هەڕەشەی "دەستپێکردنەوەی بۆردومان"ی کرد ئەگەر تا پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتنێکی درێژخایەن واژۆ نەکرێت.

بە ئامانج گرتنی کەشتییەکان

نیگەرانییەکان روویان لە هەڵکشان کرد، دوای ئەوەی دوێنێ شەممە لانیکەم دوو کەشتی ڕایانگەیاند لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. 

حکومەتی هندستان ڕایگەیاند کە باڵیۆزی ئێرانی لە نیودەلهی بانگکردووە و نیگەرانی پێگەیاندووە، بەهۆی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی کە ئاڵای هیندستانیان هەڵکردبوو. گۆڕانکارییەکان لە هەڵوێستی تاران مەترسی بەردەوامی ئیفلیجبوونەوەی جموجۆڵی بازرگانی دەریایی زیادکردووە.

دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی هەمیشەیی دادەنرێت. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کاتێک لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا دانوستانکارانی ئەمریکی و ئێرانی لە ئیسلام ئاباد کۆبوونەوە، ئەمریکا پێشنیاری ڕاگرتنی تەواوی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، لە کاتێکدا ئێران پێشنیاری ڕاگرتنی بۆ ماوەی ٣ تا ٥ ساڵ کردبوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو