ئاگربەستی فشۆڵ و ئامادەباشی چڕ: هاوکێشەی ئاڵۆزی تاران، تەلئەبیب و واشنتۆن

٢١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:١٦ پاش نیوەڕۆ

ئاگربەستی فشۆڵ و ئامادەباشی چڕ: هاوکێشەی ئاڵۆزی تاران، تەلئەبیب و واشنتۆن

پەنجەرە

پێشبینی هەڵگیرسانەوەی گەڕێکی تری شەڕ لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەکرێت، لەکاتێکدا هێشتا چاوەکان لەسەر مێزی دانوستانی ئیسلام ئابادن بۆ هێور کردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

ئامادەباشی و سانسۆری سەربازی

بەپێی راپۆرتی میدیاکان، ئیسرائیل ئامادەکاری چڕ و فراوانی سەربازیی دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست لە رۆژی چوارشەممە.

 بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو سانسۆرە سەربازییە توندەی کە ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دەکات.

میدیاکان دەڵێن زانیاری ورد لەبەردەستدا نییە بەوەی هێزی یەدەگی زیاتر بانگکراون لەلایەن ئیسرائیلەوە یان نە، بەتایبەت هێزی سەر بە یەکە ئاسمانییەکان. هیچ شتێک لە ناوخۆی ئیسرائیل بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام نەبوونی زانیاریی بە واتای ڕوونەدان نییە، بەڵکو ڕەنگە ئەنجامی ڕاستەوخۆی شاردنەوەی سەربازیی بێت.

جوڵەی ئێران

هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی بەرزکردەوە، ئەمەش بۆ ئەگەری هێرشی ئێران لەبەرامبەر فشاری ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لێکدرایەوە.

 جووڵەی ئێران وای لە ئەمریکا کرد فشارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل توندتر بکات تاوەکو زەمینە بۆ  ڕێککەوتن خۆش بکرێت. وا دەردەکەوێت کر ئاگربەست زۆر لەوە فشۆڵتر بێت کە دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکات.

موشەکی بالیستی

ئامادەباشی ئیسرائیل تەنها لایەنی سەربازیی ناگرێتەوە، بەڵکو ئاستی سیاسیشی گرتووەتەوە. خاڵێکی گرنگ کە لە لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ و هەڵوێستەکانی ترەمپدا نادیارە، پرسی "توانا بالیستییەکانی ئێرانە".

ئیسرائیل پرۆگرامی بالیستی ئێران وەک هەڕەشەیەکی جدی لەسەر بوونی خۆی دەبینێت. ناتانیاهۆ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی بالیستی ئێران سەرچاوەی مەترسی ستراتیژین. 
ترسی ئیسرائیل لەوەدایە ڕێککەوتن لەنێوان ئێران و ئەمەریکا یەنجام بدرێت و موشەکی بالیستی لێ بەدەر بکرێت، ئەمەش وا دەکات تاران لە داهاتوودا پەرە بە موشەکەکانی بدات.

لە ئێستادا ئیسرائیل چاوەڕوانی ئاراستەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەکات، لە کاتێکدا پێشبینییە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان زیاترە لە ئەگەری سەرکەوتنی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو