تێکەڵبوونی بازرگانی و دیپلۆماسی؛ پڕۆژە خەیاڵییەکانی خێزانی ترەمپ لە سووریا
٢١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نیۆرک تایمز پەردەی لەسەر نهێنییەکانی لابردنی گەمارۆکانی سەر سوریا لەلایەن ئەمەریکاوە هەڵماڵی، کەچۆن لەرێگەی ئابوورییەوە کاریگەری لەسەر ترەمپ دانراوە بۆ لابردنی سزاکان.
بەپێی میدیا ئەمەریکییەکە، هاوینی ڕابردوو، جۆ ویڵسن، نوێنەری کۆمارییەکان لە ویلایەتی ساوس کارۆلاینا، لە ئۆفیسەکەی خۆی لە کاپیتۆڵ هیڵ دانیشتبوو، سەرنجی دەدا کاتێک وەبەرهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا پلانەکانیان بۆ پەرەپێدانی زەوییە کەناراوەکانی سووریا دەخستە ڕوو.
پلانەکە پێکهاتبوو لە: بەندەرێکی کەشتییە گەشتیارییەکان، یانەیەکی پۆلۆ، پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلی بێوگاتی و یاریگایەکی گۆڵف لەسەر ئاستی جیهانی. هەموو ئەمانە لە وڵاتێکدا کە هێشتا تازە لە شەڕی ناوخۆیی ڕزگاری بوبوو.
ئەمە هەموو شتێک نەبوو. لەکاتێکدا محەمەد ئەلخەیات، بازرگانێکی دەستڕۆیشتووی بە ڕەچەڵەک سووری، پێشنیازەکەی دەخستە ڕوو، براکانی خەریکی بەدەستهێنانی گرێبەستی حکومەی بوون بە بڕی زیاتر لە 12 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی بەشێکی زۆر لە ئابوورییە وێرانبووەکەی سووریا.
ئاستەنگە گەورەکە
بەڵام کێشەیەک لە ئارادا بوو. خێزانی خەیات پێویستیان بە هەنگاوێکی گەورەی کۆنگرێس هەبوو بە پاڵپشتی سەرۆک ترەمپ: ئەویش لابردنی ئەو سزایە خنكێنەرانە بوو کە پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا بەسەر سووریادا سەپێنرابوون.
لێرەدا بەڕێز ویڵسن، کە خۆی پێشتر پارێزەری خانووبەرە بووە و لایەنگری هەڵوەشاندنەوەی سزاکانە، پێشنیازێکی تاکتیکی کرد:
"من دەزانم چۆن سەرنجی سەرۆک ڕابکێشم، بیکەن بە یاریگایەکی نیشتمانیی ترەمپ بۆ گۆڵف لە سووریا."
محەمەد ئەلخەیات پێشتر هەنگاوێک لەپێش بوو؛ ئەو وتی کە پلانی هەبووە پێشنیازی هاوینەهەوارێک بە براندی "ترەمپ" بکات.
بەرژەوەندییەکان لە ئەلبانیاوە بۆ سووریا
لە هەمانکاتدا، دوو برا گەورەکەی خەیات خەریکی دانوستان بوون بۆ هاوبەشییەکی گەورەتری خانووبەرە لەگەڵ ئیڤانکا ترەمپ، کچە گەورەی سەرۆک و جارید کۆشنەری هاوسەری، بۆ یارمەتیدانیان لە دابینکردنی بودجەی هاوینەهەوارێکی ملیار دۆلاری لە ئەلبانیا.
ئەم جۆرە تێکەڵکردنی کاروباری کەسی و دیپلۆماسی مێژوویەکی درێژی هەیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ئەمە بووەتە شێوازی کارکردنی واشنتۆنیش. گفتوگۆ بازرگانییەکانی خێزانی سەرۆک بەردەوام تێکەڵی بڕیارە سیاسییە گرنگەکان و دانوستانە نێودەوڵەتییەکان دەبن.
سیستەمێکی شێواو
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ترەمپ دەسەڵاتدارە بۆ ڕاییکردنی هەر کارێک لە پایتەخت، پێویستە سەرۆکێک کە زوو توڕە دەبێت و خولیای تۆڵەسەندنەوەی هەیە لە خۆت نەتۆرێنیت و بە شێوەیەکی نموونەیی، ڕازی بکەیت.
سەرۆکەکانی پێشوو، چ دیموکرات یان کۆماری، هەنگاویان دەنا بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گومانێکی "بەرژەوەندیی هاوبەش"، بەڵام لە جیهانی ترەمپدا پێچەوانەکەی ڕاستە. خێزانەکەی بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی گرێبەستی بازرگانی لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی شێواو کە تێیدا وەبەرهێنەران ملیۆنان دۆلار دەبەخشنە پڕۆژە دڵخوازەکانی سەرۆک، یان لەگەڵ خێزانی ترەمپدا وەبەرهێنان دەکەن، بە هیوای ئەوەی بگەنە ئامانجە سیاسییەکانیان.
وەڵامی کۆشکی سپی
کۆشکی سپی و ڕێکخراوی ترەمپ جەخت دەکەنەوە کە ئاگاداری پڕۆژەی پێشنیازکراوی یاریگای گۆڵف نین لە سووریا. بەرپرسانی کۆشکی سپی هەر پێشنیازێکیان ڕەتکردەوە کە باس لە کاریگەری پڕۆژەکانی خێزانی ترەمپ بکات لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر سووریا.
دەیڤید وارینگتۆن، ڕاوێژکاری کۆشکی سپی، لە بەیاننامەیەکدا وتی: سەرۆک ترەمپ ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی بە شێوەیەکی ئەخلاقیی دروست ئەنجام دەدات و هەر گومانێکی تر یان لە بێئاگاییەوەیە یان بە مەبەستێکی خراپە."
خێزانی خەیاتیش ڕایانگەیاندووە کە هاوبەشییە داراییەکەیان لەگەڵ کۆشنەر هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سووریاوە نییە.