قەیرانی کەمی زەعفەران؛ کاتێک "زێڕی سوور" دەبێتە قوربانی جەنگ

٢١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٢٧ پاش نیوەڕۆ

قەیرانی کەمی زەعفەران؛ کاتێک "زێڕی سوور" دەبێتە قوربانی جەنگ

پەنجەرە

داخستنی گەرووی هورمز تەنها کاریگەری لەسەر نەوت نەبووە، بەڵکو تەنانەت کاڵا "دەگمەن و نایابەکانی" وەک زەعفەرانیش لەم تەنگژەیە بێبەش نەبوون و هەناردەکردنیان پەکیکەوتووە. 

نەمان یان کەمبوونەوەی زەعفەرانی ئێرانی لە بازاڕە جیهانییەکاندا، ڕەنگە گورزێکی کوشندە لە کەرتە گرنگەکانی وەک خۆراک، دەرمان و جوانکاری بدات.

هۆشداریی

زەعفەران بە یەکێک لە بەناوبانگترین، کۆنترین و گرانبەهاترین جۆرەکانی بەهارات لە جیهاندا دادەنرێت؛ وەک زێڕ بە گرام و مسقاڵ دەفرۆشرێت و بەرهەمهێنانیشی پێویستی بە هەوڵێکی زۆر هەیە بەدرێژایی ساڵ. 

وەرزی دروێنەی زەعفەران لە ئێران لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم دایە، بۆیە ئەوەی ئێستا لە بازاڕدایە بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٥ە. 
ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٢٦دا هیچ بەرهەمێکی نوێ نەبێت بەهۆی پیسبوونە ژینگە و وێرانکاریی و کاریگەرییەکانی جەنگ لە ئێران.

ماکسیمۆ تۆرێرۆ، سەرۆکی شارەزایانی ئابووری لە ڕێکخراوی فاو (FAO)، هۆشداری دا کە تەنگژەی گەرووی هورمز نرخی خۆراک بەرز دەکاتەوە. 
تۆرێرۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:کۆمەڵێک کەشتیمان هەیە کە جووڵەیان وەستاوە، دوایین کەشتی کە لە گەرووی هورمز پەڕیبێتەوە و گەیشتبێتە جێی مەبەست لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بووە. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، گورز لە سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراک و گەشەی ئابووری دەدات."

 ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کات خەریکە تەواو دەبێت و ئەگەر پابەندی نەبن، کەرەستە سەرەتاییەکان لە کاتی خۆیدا ناگەنە دەست جوتیاران و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەم لەمساڵ و ساڵی داهاتووشدا. 
ئێران بە تەنیا ٩٠٪ی زەعفەرانی جیهان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئێستا مەترسیی نەمانی یەکجاریی ئەم کاڵایە لە ئارادایە.

دەرمان

وەکچۆن بازاڕی خۆراک شێواوە، بازاڕی دەرمانیش بەهۆی کەمیی زەعفەرانەوە هاوسەنگیی لەدەستداوە. وڵاتانی وەک ئیتاڵیا، ئینگلتەرا، چین و ڕووسیا ڕوویان لە بازاڕەکانی دیکە کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە، بەڵام بژاردەکان سنووردارن.

پیشەسازییە دەرمانسازییەکان کە زەعفەران وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بەکاردێنن، نەک تەنیا لە بازرگانیدا بەڵکو لە دروستکردنیشدا ڕووبەڕووی تەنگژە دەبنەوە. 
گاریس تۆماس، بەڕێوەبەری سیاسەتەکان لە کۆمەڵەی نیشتمانیی دەرمانخانەکان لە ئینگلتەرا، بە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕاگەیاندووە کە هەرچەندە هێشتا بەڵگەی بەهێز نییە بۆ کەمیی دەرمان، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکان ئاماژەیە بۆ تێکچوونی زنجیرەی دابینکردن.

پێشبینی نرخەکان:

• زەعفەرانی ئاسایی: لە (٤ - ٨) دۆلارەوە بۆ (٧.٥ - ١٢.٥) دۆلار بۆ هەر گرامێک بەرز بووەتەوە.
• زەعفەرانی نایابی ئێرانی: لە (١٥ - ٢٢.٥) دۆلارەوە بۆ (٢٥ - ٣١) دۆلار بۆ هەر گرامێک.
شارەزایاب پێشبینی دەکەن نرخەکان بە ڕێژەی ٣٠٪ بۆ ٥٠٪ بەرز ببنەوە.

لە ڕووسیا نرخەکان دوو هێندە بەرز بوونەتەوە و گرنگیی زۆر بە زەعفەرانی مەغریبی، ئیسپانی و ئەفغانی دەدرێت، بەڵام ئەمانە هەموویان پێکەوە ناتوانن ئەو بۆشایی ئێران پڕ بکەنەوە.

بەهای زانستیی زەعفەران

کەرتی زەعفەران لە ئێران هەمیشە کێشەی نەبوونی ئامێری مۆدێرنی پاکەتکردنی هەبووە، بۆیە زۆربەی بە خاوی هەناردەی ئیسپانیا دەکرێت. ئیسپانیاش دووبارە پاکەتی دەکاتەوە و بە ناوی براندی خۆی و بە نرخێکی زۆر گرانتر دەیفرۆشێتەوە.

بۆچی زەعفەران هێندە گرانە؟

* ڕەگی ڕووەکەکە ٥ بۆ ٧ ساڵ لە خاکدا دەمێنێتەوە و بەرگەی سەرمای ١٨ پلەی ژێر سفر دەگرێت.
* ساڵانە تەنیا یەکجار و بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٢٥ ڕۆژ لە وەرزی پاییزدا گوڵ دەگرێت.
* دەبێت گوڵەکان پێش هەڵاتنی خۆر بچنرێن چونکە گەرمی کاریگەرییان لێ دەکات.
* بۆ بەرهەمهێنانی تەنیا یەک گرام زەعفەرانی وشک، پێویستە نزیکەی ١٥٠ گوڵ لێبکرێتەوە.

جگە لە تام و بۆنەکەی، زەعفەران دەوڵەمەندە بە کالسیۆم، ئاسن و فۆسفۆر. بۆ چارەسەری خەمۆکی، نەخۆشیی شەکرە، تەندروستیی دڵ و مێشک و چاو بەکاردێت و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تایبەتمەندیی دژە شێرپەنجەشی تێدایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو