گەرووی هورمز؛ جەنگی ئیرادە لە نێوان تاران و واشنتۆن و پەلکێشکردنی چین

٢٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٦ پاش نیوەڕۆ

گەرووی هورمز؛ جەنگی ئیرادە لە نێوان تاران و واشنتۆن و پەلکێشکردنی چین

پەنجەرە

گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر گەرووی هورمز، کە ترەمپ دوای شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان رایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە (١٣ی نیسانی ٢٠٢٦) چووە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ئێران بەکردەیی ئەو ڕێڕەوە دەریاییە تەسکەی (هورمز) داخست، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە. 
ئەمەش ئەو ئاگربەستە لەرزۆکەی خستە مەترسییەوە کە لەنێوان هەردوولا لە ئارادایە و بووەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، جگە لەوەش، گەمارۆدانی کەشتییەکان و نەوتی ئێران کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر چین دەبێت، کە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە.

هەڵوێستی چین 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکای بە هەنگاوێکی "مەترسیدار و نابەرپرسیارانە" وەسفکرد و هۆشداریدا لەوەی ئەم گەمارۆیە "دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و تێکدانی ئاگربەستە لەرزۆکەکە".

لایخۆشیەوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ئیمارات ڕایگەیاند کە داخستنی گەرووی هورمز "خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناکات". 

ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بە شادەمارێکی گرنگی هەناردەکردنی وزە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، چونکە نزیکەی ٢٠٪ی پێداویستی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیای "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە "وڵاتانی دیکەش بەشداری لە گەمارۆکەدا دەکەن"، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە بهێنێت. بەڵام میدیا فەرمییەکانی چین ئەم بانگەشەیەیان ڕەتکردەوە و پێیانوابوو واشنتۆن "کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە لە ڕێگەی ڕاکێشانی وڵاتانی زیاتر بۆ ناو ململانێکە، چونکە هۆکاری سەرەکی گەمارۆدانی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە بۆ کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران".

ئەم بۆچوونە هاوتایە لەگەڵ لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا دەرئەنجامی ململانێکردن لەگەڵ ئێرانە و چارەسەرەکەش لە ئاگربەستێکی دەستبەجێدایە. 
جگە لەوەش، میدیا چینییەکان هەنگاوەکەی واشنتۆنیان بە "گەمارۆ لە بەرامبەر گەمارۆ" وەسفکرد.

گوشار بۆ سەر چین 

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ (DW)، تشانگ لون، پرۆفیسۆر لە زانکۆی سی وای سێرگی-پاریس، گەمارۆکەی ئەمریکای بە "وەڵامدانەوەی هاوشێوە" وەسفکرد و وتی:”ئامانجی واشنتۆن ئەوەیە چین بهێنێتە پێشەوە". 
تشانگ ڕوونیکردەوە کە کۆشکی سپی ڕەنگە بتوانێت دەرچەیەک بۆ ململانێکە بدۆزێتەوە بەبێ ئەوەی شکۆی بشکێت، ئەگەر سەرکەوتوو بێت لەوەی پەکین ناچار بکات گوشار بخاتە سەر تاران بۆ ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر مەرجەکانی ئەمریکا.

تشانگ پێشبینی دەکات ئەگەر چین ئەم "سەرکەوتنە" بۆ ترەمپ بەدەست بهێنێت، ڕەنگە لە بەرامبەردا دەسەڵاتێکی زیاتری دەست بکەوێت لە دانوستانەکانی داهاتوودا سەبارەت بە پرسەکانی وەک تایوان. 
بەڵام پێیوانییە چین بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات، چونکە لە پێشینەی ستراتیژی پەکین پاراستنی هاوسەنگییە لەگەڵ هەموو لایەنەکان.

گێڕانەوەی چینی 

میدیا فەرمییەکانی چین گەمارۆکەی ئەمریکایان وەک بەشێک لە "لۆژیکی هەژموونگەری" وێنا کردووە کە پشت بە هێز دەبەستێت کاتێک دانوستانەکان شکست دەهێنن. 

بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، واشنتۆن هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ پەرەپێدانی شەڕ.
هەروەها میدیا چینییەکان وا پیشان دەدەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵی "کشانەوەی بێدەنگ" دەدات و دەیەوێت "سەرکەوتن دەربخات" لەرێگەی بانگەشەکردن بۆ ئەوەی ئامانجەکانی لە ئێران پێکاوە، لەوانە گۆڕینی ڕژێم و لێدانی ئامانجە دیاریکراوەکان.

لە هەمانکاتدا، گەرووی هورمز وەک "خاڵی لاواز" بۆ ئەمریکا وەسف دەکرێت، چونکە شکستهێنان لە ئێران و لەدەستدانی کۆنترۆڵی گەرووەکە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، دەکرێت کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئیدارەی ترەمپ هەبێت لە هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

قوماری پڕ مەترسی

گوتاری فەرمی چین، گەمارۆدانی گەرووی هورمز وەک بەڵگەی سەرکەوتنی تاران لە مانۆرکردن بەسەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا وێنا دەکات.لە ڕوانگەی ئێرانیشەوە، گەڕانەوەی واشنتۆن بۆ سەر مێزی دانوستان ڕەنگدانەوەی خۆڕاگرییەکەیەتی.
 لە کۆتاییدا، میدیا چینییەکان گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بە "قومار" وەسف دەکەن؛ چونکە لە کاتێکدا واشنتۆن هیوای وایە لە ڕێگەی "ئەوپەڕی گوشار"ەوە بنبەستەکە بشکێنێت، بەڵام تواناکانی ئێران لە بواری مووشەکیدا دەکرێت ببێتە هۆی تەقینەوەی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان کە خواستی هیچ لایەک نەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو