چۆن گەمارۆ دەریاییەکان ئاراستەی جەنگەکان دەگۆڕن؟
٢٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئاژانسی "تەسنیم"ی نیمچە فەرمی بڵاویکردەوە، ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی سەربازی ئەمریکا لە دەریای عومان، ئەمەش دوای ئەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانیدا گرت بە ناوی "تۆسکا".
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند کە ناوشکێنی "یو ئێس ئێس سبروانس" سیستەمی پاڵنەری کەشتی "تۆسکا"ی پەکخستووە، دوای ئەوەی کەشتییەکە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر وەڵامی هۆشدارییە بەردەوامەکانی هێزە ئەمریکییەکانی نەداوەتەوە. دواتر، ئەندامانی هێزی دەریایی ئەمریکا (مارێنز) لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە لە کەشتیی "یو ئێس ئێس تریبۆلی" دابەزیون بۆ سەر پشتی کەشتییە ئێرانییەکە.
“تۆسکا" نزیکەی 40 میلی دەریایی لە بەندەری "چابەهار" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دوور بووە، دوای ئەوەی لە 12ی نیساندا بەندەری "کڵانگ"ی لە مالیزیا بەجێهێشتبوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کەشتییەکە "هۆشداری راوەستان"ی پێدراوە دوای ئەوەی هەوڵیداوە لەو گەمارۆ دەریاییە تێپەڕێت کە ئەمریکا خستوویەتیە سەر بەندەرەکانی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی دەریایی ئەمریکا کەشتییەکەی خستووەتە ژێر "کۆنترۆڵی تەواو" و ئاشکرایکرد کەشتییەکە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای لەسەر بووە بەهۆی چالاکییە نایاساییەکانی پێشوویەوە.
گەمارۆی دەریایی: ئامرازێکی کۆن بۆ فشار
بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆ، جارێکی تر تیشکی خستەوە سەر یەکێک لە کۆنترین ئامرازەکانی ناچارکردن لە کاتی شەڕدا؛ بڕینی ڕێگا دەریاییەکان بۆ لاوازکردنی ئابووریی، پەکخستنی بازرگانی و ناچارکردنی نەیار بۆ گۆڕینی هەڵوێست یان سازشکردن.
ئەزموونە مێژووییەکان دەریدەخەن هەرچەندە ئەم ڕێکارانە فشار دروست دەکەن، بەڵام کاریگەرییە فراوانەکانیان زۆر ئاڵۆزن:
* لە هەندێک حاڵەتی سەردەمی هەردوو جەنگی جیهانی: گەمارۆ دەریاییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە لاوازکردنی توانای وڵاتان بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ.
• لە حاڵەتەکانی تردا (وەک گەمارۆی غەززە و یەمەن): بوونە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان بێ ئەوەی ئەنجامێکی سیاسی درێژخایەن بەدەست بهێنن.
گەمارۆ مێژووییەکان
١- گەمارۆی بەریتانیا بۆ سەر ئەڵمانیا (جەنگی جیهانی یەکەم)
بەریتانیا سوودی لە کۆنترۆڵکردنی دەریای باکوور وەرگرت بۆ دابڕانی ئەڵمانیا لە بازرگانی جیهانی. تا ساڵی 1916 قەیرانی خۆراک گەیشتە ئاستی کارەسات و بووە مایەی مەینەتی گەورە. مێژوونووسان پێیانوایە سەدان هەزار کەسی مەدەنی بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ لاوازکردنی ئەڵمانیا.
٢- گەمارۆی "هاوپەیمانان" بۆ سەر ژاپۆن (جەنگی جیهانی دووەم)
لە ساڵی 1943، ژێر دەریاییەکانی ئەمریکا کەشتییە بارهەڵگرەکانی ژاپۆنیان کردە ئامانج. تا کۆتایی شەڕ، کەشتیگەلی بازرگانی ژاپۆن بە تەواوی تێکشکێندرا، ئەمەش بووە هۆی داڕمانی ئابووریی جەنگی ئەو وڵاتە.
٣- کوبا (1962)
لە کاتی قەیرانی موشەکی کوبا، جۆن کەنەدی زاراوەی "کەربەند" (Quarantine)ی بەکارهێنا لە جیاتی "گەمارۆ" بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە تووشی کێشە نەبێت. ئامانجەکە ڕێگریکردن بوو لە گەیشتنی موشەکی سۆڤیەتی، کە دواتر بە دیپلۆماسی و کشانەوەی موشەکەکان کۆتایی هات.
٤- سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر عێراق
دوای داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی 1990، چاودێرییەکی توندی دەریایی خرایە سەر عێراق بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و گۆشەگیرکردنی ئابوورییەکەی. هەرچەندە ڕێگا وشکانییەکان هەندێک لە کاریگەرییەکانیان کەم کردەوە، بەڵام ئەم ڕێکارە گوشارێکی زۆری دروستکرد.
گەمارۆکانی سەردەمی ئێستا
* گەمارۆی غەززە: ئیسرائیل دەڵێت بۆ ڕێگریکردنە لە قاچاخی چەک، بەڵام ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن زیانی گەورەی بە ژیانی خەڵک گەیاندووە و نەبووەتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام.
* گەمارۆی یەمەن بە سەرکردایەتی سعودیە: لە ساڵی 2015وە بە ئامانجی بڕینی دەستی حوسییەکان دەستیپێکردووە. ئەمە بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی گەورە و کەمیی سووتەمەنی و دەرمان، بێ ئەوەی ئەنجامێکی سەربازی یەکلاکەرەوەی هەبێت.