لە نێوان ئازار و ترسدا: چیرۆکی ئەو بریندارە ئێرانییانەی ناتوانن بچنە نەخۆشخانە

٢٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٧ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان ئازار و ترسدا: چیرۆکی ئەو بریندارە ئێرانییانەی ناتوانن بچنە نەخۆشخانە

پەنجەرە

دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ و نیو بەسەر خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرە ئێرانییە بریندارەکان بەدەست برینەکانیانەوە دەناڵێنن.

خۆپیشاندەرە بریندارەکان تەنها گیرۆدەی دەست برینەکانیان نین، بەڵکو گرفتی گەورەیان ئەوەیە بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و ترس لە دەستگیرکردن دەستیان بە چارەسەری پزیشکی ناگات. ئەم دۆخە بووەتە قەیرانێکی بێدەنگ لە ناو گەنجانی ناڕازیدا.

بەپێی راپۆرتەکان  هەزاران بریندار لە شارەکانی وەک تاران، کەرەج، ئەسفەهان، مەشهەد، هەمەدان، ئاودانان، کرماشان، ئەهواز، دوورگەی قشم و ڕەشت، شانبەشانی شارەکانی دیکەی باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای ئێران، هێشتا بەدەست ئازاری درێژخایەنەوە دەناڵێنن، بەتایبەت ئەوانەی ڕوخسار یان چاویان بریندار بووە.

ئازار

گەنجێکی تەمەن ۲۷ ساڵ لە تاران کە لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی ٨ی کانوونی دووەمدا چاوی پێکرابوو، دەڵێت:”چاوی چەپم بەتەواوی لەدەستدا. پزیشکەکە وتی پێویستت بە نەشتەرگەرییە، بەڵام پارەم نییە و ناوێرم سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان بکەم. چەندین جار پێمان وتراوە ئەگەر بسەلمێت لە خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوویت، ڕەنگە دەستگیرمان بکەن. ئێستا تەنها بە ئازارشکێن و قەترەی چاو دەژیم و هیوام بە ژیان نەماوە."

خۆپیشاندەرێکی دیکە لە ئەسفەهان کە قاچ و ئەنیشکی بە گوللەی ساچمە پێکراوە، دەڵێت:”نزیکەی ۳٨ ساچمە لە جەستەمدا ماوەتەوه. پزیشکەکە وتی دەبێت دەربهێنرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە تەقەم لێکراوە، ساچمەکان چوونەتە ناو قوڵایی جەستەم، ئەمەش تێچووی نەشتەرگەرییەکە زۆر دەکات و دەشترسم ئەگەر بچمە نەخۆشخانەی حکومی ڕاپۆرتم لەسەر بدەن."

بە وتەی ئەو، زۆرێک لە بریندارەکان پەنا دەبەنە بەر چارەسەری ناوماڵ یان سەردانی پەرستار و پزیشکان لە ماڵەکانیاندا دەکەن.

فشار بۆ سەر کەرتی پزیشکی

دۆخەکە تەنها نەخۆشەکان ناگرێتەوە، بەڵکو کادرە پزیشکییەکانی ئێرانیش لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئەمنی تونددان. پزیشکێک لە تاران دەڵێت:”جگە لە دەستگیرکردنی دەیان پزیشک و پەرستار لە دەوروبەرمان، چەندین جار گشتاندن بۆ هەموو کلینیک و نەخۆشخانەکان نێردراوە کە پابەندمان دەکات ڕاپۆرت لەسەر بریندارانی ناڕەزایەتییەکان بدەین بە بەشەکانی حەراسەت. من و زۆرێک لە هاوپیشەکانم ئەوە ناکەین، بەڵام تا ڕادەیەکی دیاریکراو دەتوانین سەرکێشی بکەین، چونکە ئەگەر ئاشکرا ببین، دەستگیر دەکرێین و مۆڵەتی کارکردنمان لێ وەردەگیرێتەوە."

قەیرانی دارایی و دەروونی

لە ڕۆژئاوای وڵات و لە شارێکی وەک خورەم ئاباد، ڕاپۆرتەکان باس لە ژمارەی برینداری زۆر سەختتر دەکەن. یەکێک لە دانیشتووانی ئەو شارە دەڵێت: "کەسانێک دەناسم بیناییان بەتەواوی لەدەستداوە، یان بەهۆی گوللەوە تووشی ئیفلیجی بوون و ناتوانن ڕێ بکەن." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەکە تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو زۆرێک تووشی تێکچوونی دەروونی توند بوون و گۆشەگیر بوون.

خراپی دۆخی دارایی بەشێکی دیکەی کێشەکەن. باوکێک لە تاران دەڵێت بۆ نەشتەرگەرییەکی سادەی کوڕەکەی داوای ۲۳٠ ملیۆن تمەنیان لێکردووە، و بەهۆی نەبوونی ئەو پارەیە، ناچار بووە زێڕی هاوسەرەکەی بفرۆشێت.
ئەم واقیعە دەکرێت ناوی لێبنرێت "قەیرانی بێدەنگی بریندارەکان". ئەم نەوەیە نەک هەر لە شەقامەکاندا ڕووبەڕووی گوللە و لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی پێشێلکاری بووەتەوە، بەڵکو ئێستاش لە ڕێگەی چارەسەرکردندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گوشاری زۆر دەبێتەوە. برینەکانی ئەم نەوەیە تەنها لەسەر جەستەیان نییە، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر ژیان و داهاتوویان دروست کردووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو