وتەبێژی پاک بۆ پەنجەرە: هێرشە درۆنییەکان لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن
٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە هێرشیان بۆ سەر بارەگای پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات پێ ئەنجام دەدرێت، لە ناو خاکی عێراقەوە هەڵدەدرێن و ئاراستە دەکرێن.
سەبارەت بە زیانەکانی دوایین هێرش کە ئەمڕۆ کرایە سەر بارەگاکانیان، نادری ئاشکرایکرد کە لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.
وتەبێژی پاک ئاماژەی بەوەشکرد برینی سێ لە پێشمەرگەکان سوکبووە، بەڵام دوو لە بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ بنکە تەندروستییەکان و پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەیە.
ئەم لێدوانەی وتەبێژی پاک لە کاتێکدایە کە ناو بە ناوە بارەگای هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و موشەکی دەبنەوە.