زانیاری لەبارەی سەردانەکەی سودانی بۆ لای نوری مالیکی
٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پەردە لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەی نێوان نوری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی لادەبات و ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانی سوودانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مالیکی بێ ئەنجام بووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە دەوڵەتی یاسا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (پەنجەرە)ی ڕاگەیاند: "لە سەردانەکەیدا بۆ لای سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، سوودانی داوایکردووە ناکۆکییەکانی ڕابردوو وەلابنرێن و لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانیان هەڵبدرێتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، سوودانی بەهۆی نائومێدبوونی لە ئەگەری مانەوەی لە پۆستەکەیدا، سێ پێشنیازی جیاوازی سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران و دابەشکاریی وەزارەتەکان خستووەتە بەردەم نوری مالیکی، بەو ئاراستەیەی بتوانێت ڕەزامەندی ناوبراو بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە کاردانەوەی مالیکی، سەرچاوەکە جەختیکردەوە کە هەڵوێستی نوری مالیکی جێگیرە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کاندیدکردنەوەی سوودانی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەت نییە و پێشنیازەکانی ناوبراوی ڕەتکردووەتەوە.