ستافی کۆمپانیای بی پی بەریتانی کەرکوکی بەجێهێشتووە
٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ستافی کۆمپانیای بی پی بەریتانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیان بەجێهێشتووە و وادەی گەڕانەوەیان بۆ کارکردن لەو کێڵگانە نادیارە، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە.
لە مانگی 3ـی ساڵی ٢٠٢٥، حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی ئەنجامدا، بەڵام هێشتا دەست بەکارکردن لەو کێڵگانە نەکراوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی راگەیاند: ستافی کۆمپانیای بی پی بەریتانی دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزیی لەناوچەکە، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیان بەجێهێشت.
سەرچاوەکە دەڵێت: ستافی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، بەڵام وادەی گەڕانەوەیان گرێدراوە بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، کۆمپانیای بی پی دەستی بەکار کردن لە کێڵگە نەوتییەکان نەکردووە، لەماوەی رابردوودا زیاتر سەرقاڵی توێژینەوە بوون.
دوای ئەوەی حکومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی ئەنجامدا، حکومەتی هەرێم ناڕەزایەتی دەربڕی بەبیانووی ئەوەی تاکلایەنە مامەڵە کردن لەگەڵ نەوتی ناوچە کێشە لەسەرەکان نادەستورییە.