سیستان و بەلوچستان؛ گۆڕەپانی ململانێی بیست ساڵەی ئێران و جەیشولعەدل

٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٥ پاش نیوەڕۆ

سیستان و بەلوچستان؛ گۆڕەپانی ململانێی بیست ساڵەی ئێران و جەیشولعەدل

پەنجەرە

میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایانگەیاند چەند چەکدارێکی “جەیشولعەدل” کوژراون، کە هەوڵیانداوە بەرێگەی قاچاخ لە پاکستاوە بڕۆنە نێو ئێران.

پێشتریش چەکدارانی “جەیشولعەدل” چەندینجار هێرشیانکردووەتە سەر دەزگا سەربازییەکانی ئێران، لەوهێرشانەدا هەرجارە و ژمارەیەک سەربازی ئێرانیان کوشتووە.

"جەیشولعەدل" کێن؟

"جەیشولعەدل" گرووپێک چەکداری بەلوچی دژە حکومەتی ئێرانە، بانگەشەی خەباتکردن دەکەن لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی بەلوچەکان لە ئێراندا . لە بەرامبەردا حکومەتی ئێران و چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوا، لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم گرووپەیان خستووەتە لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان"ەوە.

ئەم گرووپە چەکدارە لە ساڵی ٢٠١٢دا دەرکەوت، کە زۆربەی ئەندامەکانی پێشتر لە گرووپی "جوندوڵڵا" بوون، دوای ئەوەی ئێران زۆربەی سەرکردەکانی ئەو گرووپەی دەستگیرکرد و لاوازی کردن.
گرووپەکە داوای سەربەخۆیی پارێزگای سیستان لە ڕۆژهەڵاتی ئێران و هەرێمی بەلوچستان لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان دەکات. ئەم ئامانجەش وایکردووە ببێتە ئامانجی هاوبەشی هەردوو حکومەتی ئێران و پاکستان.

جەیشولعەدل خۆیان وەک "پارێزەری مافی سوننەکان لە ئێران" دەناسێنن، بەتایبەتی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان.
ژمارەی بەلوچەکان لە ئێراندا نزیکەی ٤ بۆ ٥ ملیۆن کەس دەبێت کە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات نیشتەجێن و زۆرینەی دانیشتووانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێکدەهێنن. 
ئەم ناوچەیە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە پێکدادانی خوێناوی بەردەوام لە نێوان ڕێکخراوە بەلوچەکان و هێزە سەربازییەکانی ئێران بەخۆوە دەبینێت.

 بوونی "جەیشولعەدل" لە بەلوچستان 

ئەندامانی ئەم گرووپە سەر بە نەتەوەی بەلوچن و لە هەردوولای سنوور دەژین. هەرچەندە پاکستان جەخت دەکاتەوە کە گرووپەکە هیچ بوونێکی ڕێکخراوەیی لە خاکەکەیدا نییە، بەڵام دانی بەوەدا ناوە کە ڕەنگە هەندێک چەکدار لە ناوچە دوورەدەستەکانی بەلوچستان خۆیان حەشاردابێت، کە گەورەترین پارێزگای ئەو وڵاتەیە و بەهۆی یاخیبوونە درێژخایەنەکانەوە ناوچەیەکی هەستیارە.

هەرچەندە پاکستان لە ئێستادا وەکو نێوەنگیر لەنێوان ئێران و ئەمەریکا رۆڵ دەگێڕێت، بەڵام ئێران و پاکستان مێژوویەکی درێژیان هەیە لە گۆڕینەوەی تۆمەت سەبارەت بە هێرشە چەکدارییەکان. 
لە ساڵانی ڕابردوودا هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات زیادیان کردووە و هەر لایەک ئەوی دیکەی تۆمەتبار دەکرد بەوەی چاوپۆشی لە توندڕەوەکان دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو