سێدارە و بێسەروشوێنکردن؛ ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر نوێترین شەپۆلی سەرکوتکردن لە ئێران و رۆژهەڵات
٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی توندی لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردنی دژ بە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دەستپێکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی "هەنگاو" بۆ مافی مرۆڤ، تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی ڕووبەڕووی سزای سێدارە و دەستگیرکردن بوونەتەوە.
سێدارە لە پشت پەردەی شەڕەوە
کۆماری ئیسلامی بەسود وەرگرتن لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، سزای سێدارەی بەشێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی بە شێوەیەکی "نهێنی" جێبەجێ کردووە. لەوانە:
ئەمیرعەلی میرجەعفەری، عەلی فەهیم، محەممەدئەمین بیگلەری و شاهین واحدپەرەست، کە بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان لەسێدارە دراون.
هەروەها سزای سێدارەی مەهدی فەرید، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پێشووی بەرگری شارستانی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ کرا.
هەڵمەتی دەستگیرکردن
شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردن شارە کوردییەکانی گرتووەتەوە و چارەنووسی بەشێکی زۆریان نادیارە:
* لە سەقز هەریەکە لە (شەیدا شێخی، ئاکۆ سوڵتانی، عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر) دەستبەسەر کراون. ئاکۆ سوڵتانی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی "ستارلینک" ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە.
لە پیرانشار و بۆکان چالاکوانان (ئەنوەر قوربانی، ئیبراهیم ڕەحمانی و یووسف کەریمی) زیاتر لە هەفتەیەکە بێسەروشوێنن.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە حەدیس حەقیقی، بلاگەری خەڵکی ئورمیە، لە ژێر ئەشکەنجەی توندی ناوەندە ئەمنییەکاندایە.
سزادانی منداڵان و دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵ
یەکێک لە دڵتەزێنترین لایەنەکانی ئەم شەپۆلە، سەپاندنی سزای سێدارەیە بەسەر موحسین ئیسلامخاە، کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بووە.
هاوکات، دادگا سزای سێدارەی بەسەر چوار هاووڵاتی دیکەدا سەپاندووە و بڕیاری "دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیشی"ی داون، کە ئەمەش وەک شێوازێکی نوێی گوشاری ئابوریی بۆ سەر خێزانی سیاسییەکان دەبینرێت.
ئامارەکان
بەپێی داتاکانی "هەنگاو"، لە دەستپێکی گرژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٧ بەندکراوی سیاسی لەسێدارە دراون.
پێنج بەندکراوی دیکەش بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" لە بەندیخانەکانی کرماشان، زەنجان و کاشان لەسێدارە دراون، کە دووانیان کورد و دووانیان تورک بوون.