کۆمپانیای کاریکس: ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز هەڕەشە لە پیشەسازیی کۆندۆم دەکات
٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆمپانیای "کاریکس" (Karex)، کە گەورەترین بەرهەمهێنەری (کۆندۆم)ە لە جیهاندا، ڕایگەیاند کە بەنیازن نرخی بەرهەمەکانیان بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرز بکەنەوە، ئەمەش لە ئەگەری بەردەوامبوونی گرژیی نێوان ئێران و ئەمەریکا.
کۆمپانیاکە کە بنکە سەرەکییەکەی لە وڵاتی مالیزیایە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئاڵۆزییەکانی ئێران ئاستەنگی دروستکردووە لەبەردەم گەیشتنی ئەو کەرەستە خاوانەی لە پیشەسازیی دروستکردنی کۆندۆمدا بەکاردێن.
گۆ میا کیات، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کارێکس، ڕایگەیاند کە تێچووی بەرهەمهێنان لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
کۆمپانیای کارێکس ساڵانە زیاتر لە ٥ ملیار دانە کۆندۆم بەرهەم دەهێنێت و دابینکەری سەرەکیی براندە جیهانییەکانی وەک (Durex و Trojan)ە، جگە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی تەندروستی حکومی لە وڵاتانی وەک بەریتانیا (NHS).
نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی نەوتی خاوی جیهان و گازە سروشتییە شلکراوەکان (LNG) بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن کە ئێران دایخستووە. کۆمپانیای کارێکس پشت بەو ماددانە دەبەستێت کە لە نەوت بەرهەم دەهێنرێن، وەک "ئەمۆنیا" و "سیلیکۆن".
زیادبوونی خواست لە کاتی تەنگەژەدا
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، خواستی جیهانی بۆ بەکارهێنانی کۆندۆم لەمساڵدا بە ڕێژەی ٣٠٪ زیادیکردووە. گۆ میا کیات دەڵێت: لە کاتە سەختەکاندا خواست لەسەر کۆندۆم زیاد دەکات، چونکە خەڵک لە داهاتووی خۆیان دڵنیا نین، بەتایبەت لە ڕووی پاراستنی کارەکانیانەوە، بۆیە نایانەوێت منداڵیان ببێت.
کاریگەرییە ئابوورییەکان
ئەم جەنگە تەنها کاریگەری لەسەر نرخەکان نەبووە، بەڵکو چەندین کەرتی تری گرتووەتەوە، بەتایبەت گەشتوگوزار کە نرخی پلیتی فڕۆکە بە ڕێژەی ٢٤٪ بەرزبووەتەوە.
هەروەها کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا دووچاری گرفت بوون، کە نرخی پەینە کیمیاییەکان زیادیکردووە و گرفتی کەمی گازی "هیلیۆم"یش دروستبووە کە لە پیشەسازیی "چیپی کۆمپیوتەر"دا بەکاردێت.
هەروەها شەڕ بێکاریگەری نەبووە لەسەر خۆراکیش، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی نرخی شەکر، شیرەمەنی و میوەکان بەهۆی تێچووی گواستنەوەوە.
لە ئێستادا ئاسۆی وتووێژەکانی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ناڕوونە، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئاگربەستی نێوان هەردوولا درێژ دەکاتەوە تاوەکو بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکاندا بەدی دێت.