لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا؛ ٤٢٦٠ تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لەعێراق دەستگیرکراون
٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەماوەی سێ مانگی یەکەمی سەرەتای ئەمساڵدا، دەستبەسەر یەک تۆن و ٣٠٧ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە.
بەپێی وتەی میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمساڵدا دەستگیرکراون، گەیشتووەتە(٤,٢٦٠)تۆمەتبار.
دەشڵێت: لە ئەمساڵدا سزای یاسایی بۆ ( ٢,٠٢٠) کەس دەرچووە،
٣٤ کەسیان سزای لەسێدارەدان و ١٣٧ کەسیان سزای زیندانیکردنی هەمیشەییان بۆ دەرکراوە. هەروەها ( ١,٨٤٩) کەسیش سزای جۆراوجۆریان بۆ دەرکراوە.
روونیشیکردەوە، کە توانراوە ١٩٣ باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر هەڵبووەشێنرێتەوە کە ٣٥ باندیان نێودەوڵەتی بوون، هەروەها دە ئۆپەراسیۆنی دەرەکیش لە سووریا و کوەیت ئەنجامدراون.
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق بایەخ بە چارەسەرکردنی ئالوودەبووان دەدرێت، بۆیە ژمارەی ئەو کەسانەی ڕەوانەی سەنتەرەکانی چارەسەرکردن کراون گەیشتووەتە (٨,١٨٣ ) کەس، کە (٦,٧٢٩) یان بەتەواوی چاکبوونەتەوە.