جەنگی مینەکان؛ ئایا پاککردنەوەی گەرووی هورمز شەش مانگی پێویستە؟

٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ

جەنگی مینەکان؛ ئایا پاککردنەوەی گەرووی هورمز شەش مانگی پێویستە؟

پەنجەرە

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا پێیوایە پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین ڕەنگە شەش مانگ بخایەنێت، بەڵام وتەبێژێکی پێنتاگۆن ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری سێ بەرپرسی وەزارەتی جەنگەوە گواستوویەتییەوە، ئەندامانی کۆنگرێس ئاگادارکراونەتەوە لەوەی ڕەنگە ئێران 20 مین یان زیاتری لە گەرووی هورمز و دەوروبەری چاندبێت.

بەپێی خستنەڕوویەکی نهێنی، بەشێک لەو مینانە بە تەکنیکی (GPS) چێنراون، ئەمەش دۆزینەوەیان قورستر دەکات، بەشەکەی تریشیان لەرێگەی بەلەمی بچووکەوە دانراون.

وتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: زانیارییەکان هەڵەن و دوورن لە راستییەوە.”
جەختیکردەوە کە داخستنی گەرووەکە بۆ ماوەی شەش مانگ "ئەستەمە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."

گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی دەریایی ستراتیژییە و پێنج یەکی (20%) وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

سوپای پاسداران لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا هۆشداریدابوو لە بوونی "ناوچەیەکی مەترسیدار" بە ڕووبەری 1400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ئاوەکانی گەرووەکەدا.

کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوەی دەریایی هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن و داوای ڕوونکردنەوەی زیاتر دەکەن سەبارەت بە ڕێڕەوە ئارامەکان. 
ئەو وڵاتانەشی بەشدار نین لە شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە، ئەگەر ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ی مانگی شوباتەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو