چۆن گەمارۆی دەریایی ئێران دەڕووخێنێت؟

٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ

چۆن گەمارۆی دەریایی ئێران دەڕووخێنێت؟

پەنجەرە

ماوەی دە رۆژە گەمارۆی ئابووریی دەریایی ئەمەریکا بۆسەر ئێران بەردەوامە، چاوەڕوان دەکرێت بەردەوامی ئەم رێکارە ئابووری ئێران دووچاریی گوشاری قورس بکات.

ئابووریی ئێران پێش دەستپێکردنی شەڕ و هێرشی ئەمەریکا دووچاری ناسەقامگیریی بووبوو، بەڵام بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمەریکا لێکەوتەی وێرانکەری دەبێت.

فاتیمە موهاجەرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، زیانەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە نزیکەی ٢٧٠ ملیار دۆلار خەمڵاندو و ئاماژەی بەوەکرد ئەم ژمارەیە زیانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان دەگرێتەوە.

رێگەی دەربازبوون

سەرەتا گومان دەکرا ئێران رێگە بۆ دەربازبوون لە کۆت و بەندە دەریاییەکان بدۆزێتەوە، بەڵام پسپۆڕانی دەریایی پێیانوایە ڕزگاربوون لە گەمارۆیەکی درێژخایەن کارێکی ئێجگار سەخت و ئەستەمە.

بەپێی پێشبینییەکان، بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی کاڵا پێویستەکان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ٩٠٪ی بازرگانی دەرەکی ئێران (هەناردە و هاوردە) لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبی و دەریای عومانەوە ئەنجام دەدرێت.

ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی "کەشتییەکانی سێبەر" و نێوەندگیرەکانەوە کاریگەری سزاکانی کەمدەکردەوە، بەڵام گەمارۆی دەریایی ئێستا ئەم دەرفەتانەی زۆر تەسک کردووەتەوە. 

شیکەرەوان دەڵێن ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەگەری ڕوودانی برسیێتی (لە خراپترین سیناریۆدا) و دابەزینی بەهای تمەن بۆ ئاستێکی مێژوویی هەیە.

دەروازە دەریاییەکان

گەمارۆی دەەریایی بەفەرمی لە ١٣ی نیسانەوە دەستی پێکردووە و تەواوی بەندەرەکانی باشووری گرتووەتەوە. بەپێی بڕیارەکە رێگە بە هاتووچۆی هیچ کەشتییەک نادرێت کە پەیوەندی بە بازرگانی ئێرانەوە هەبێت.
کەشتییەکانی وڵاتانی تری ناوچەکە وەک قەتەر، ئیمارات، سعودیە و عێراق دەتوانن بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەڵام هەر کەشتییەک گومانی ئێرانی لێ بکرێت، دەپشکنرێت یان ڕادەگیرێت.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) جەختی کردووەتەوە کە گەمارۆکە بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت و هەر سەرپێچییەک ڕووبەڕووی کردەوەی سەربازی دەبێتەوە.

ئامارەکان

کەناراوەکانی ئێران زیاتر لە ٥٨٠٠ کیلۆمەترە و ٥٥ شاری کەناری لەسەرە، قەبارەی بازرگانی دەرەکی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ١٠٩.٦ ملیار دۆلار.

بەندەرەکانی دەریای قەزوین (ئەنزەلی، نەوشەهر، ئەمیرئاباد) ناتوانن جێگەی بەندەرەکانی باشوور بگرنەوە، چونکە لەڕووی دەریاییەوە داخراون و توانایان سنووردارە.

هەناردەی وشکانی بۆ تورکیا و عێراق تەنها بڕێکی کەم لە غاز دەگرێتەوە کە ناتوانێت کورتهێنانی داهات پڕ بکاتەوە.

جێگرەوەکان؛ بژاردەی بێکاریگەر

ڕێگەکانی وەک بەندەری "گوادر"ی پاکستان یان ڕێگە وشکانییەکان، تەنها ٣٪ بۆ ٥٪ ی کۆی بازرگانی ئێران پێکدەهێنن. ئەم ڕێگایانە تێچوویان زۆرە و کاتی زۆریان دەوێت، بۆیە ناتوانن ئابووری ئێران لە خنکان ڕزگار بکەن.

لێکەوتەکان

ئەگەر گەمارۆکان بەردەوام بن، ئێران ناچار دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە یان بیرە نەوتەکانی دابخات. هەروەها ملیارەها دۆلاری داهاتی هەناردەکردن لەدەست دەدات و ئەمەش دەبێتە شۆکێکی گەورە بۆ دراوی نیشتمانی.

گەمارۆکان هاوردەی کەرەستەی خاو، نەک هەر بازرگانی پەکدەخات، هەروەها ژێرخانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئێرانیش هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر دروست دەبێت.

پسپۆڕان پێیانوایە ئەگەر ئەم گەمارۆیە درێژە بکێشێت، ئابووریی ئێران دەچێتە ناو قۆناغی "داڕمانی ئابووری"، کە تێیدا هەڵاوسانی سێ ژمارەیی (سەروو ١٠٠٪) و وەستانی تەواوەتی گەشە، پێکهاتەی دەوڵەت و کۆمەڵگە ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی دەکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو