شێروان شێروانی داواکارییەکی دەستەی مافی مرۆڤی بۆ شکاندنی مانگرتن رەتکردەوە

٢٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٥ پاش نیوەڕۆ

شێروان شێروانی داواکارییەکی دەستەی مافی مرۆڤی بۆ شکاندنی مانگرتن رەتکردەوە

پەنجەرە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندێکی دەستەی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەی چاکسازیی هەولێر سەردانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانییان کرد. شێروانی مەرجی ئەنجامدانی دیدارەکەی بەستووەتەوە بە گواستنەوەی کێشەکانی وەک خۆی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

تەوەرەکانی گفتوگۆ و داواکارییە یاساییەکان

لە میانی دیدارەکەدا، شێروان شێروانی بە وردی تیشکی خستووەتە سەر پرسی پێنەدانی مۆڵەتی سەردانیکردنی ماڵەوە و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی سلێمانی. ناوبراو جەختی کردەوە: "پێویستە ڕێگریکردن لە گواستنەوەم بۆ سلێمانی و پێنەدانی مۆڵەتی سەردانیکردنی ماڵەوە بە بەڵگەی یاسایی بۆم ڕوون بکرێتەوە؛ هەر بڕیارێک بەڵگەی یاسایی لەگەڵ نەبێت، تەنها وەک بیانوویەکی سیاسی دەیناسێنم."

ڕەخنە لە دەستەی مافی مرۆڤ و وەڵامی شاندەکە

شێروانی ڕەخنەی  ئاراستەی دەستەی مافی مرۆڤ کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە سەردانی پێشوودا راسپاردە و زانیارییەکانیان وەک خۆی نەگەیاندووە. لە بەرامبەردا، شاندی دەستە هۆکاری ئەو گرفتەیان بۆ "هەڵە تێگەیشتن" گێڕاوەتەوە.

سەبارەت بە ڕێکارە کارگێڕییەکان، شاندەکە وتوویانە کە پێویستە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری چاکسازییەکان نووسراوی فەرمی بۆ داواکارییەکانی بکەن. شێروانیش ئامادەیی نیشانداوە کە داواکارییەکانی بگەیەنێتە ئەو لایەنانەش.

بەردەوامیی مانگرتن لە خواردن

لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی دەستەی مافی مرۆڤ داوایان لە شێروان شێروانی کرد کە کۆتایی بەو مانگرتنە بهێنێت کە لە دوێنێ چوارشەممەوە دەستی پێکردووە، بەڵام ناوبراو داواکەی ڕەتکردنەوە و ڕایگەیاند کە تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بەردەوام دەبێت لە مانگرتن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو