چوارچێوەی هەماهەنگی مۆڵەت دەداتە مالیکی و سودانی؛ سبەی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەدەچێت

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:١٤ پاش نیوەڕۆ

چوارچێوەی هەماهەنگی مۆڵەت دەداتە مالیکی و سودانی؛ سبەی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەدەچێت

پەنجەرە

لە دوایین پەرەسەندنی سیاسیی ناوخۆی عێراقدا، چوارچێوەی هەماهەنگی مۆڵەتێکی کورت و دیاریکراوی داوەتە هەریەک لە نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی، تاوەکو پێش کۆبوونەوەی سبەینێ بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران.

بڕیارە سبەی شەممە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان دوو جەمسەری سەرەکیی ناو چوارچێوەکەدا ئەنجام بدرێت، کوتلەی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی (یاسر صخیل)و هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە بە سەرۆکایەتی (بەها ئەعرەجی).

ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارە، دۆزینەوەی ناوێکی هاوبەش و تێپەڕاندنی ئەو بنبەستە سیاسییەیە کە بەرۆکی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی گرتووە.

هەرچەندە چاوەکان لەسەر ڕێککەوتنی سبەینێن، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەیشتن بە خاڵی هاوبەش بە ئەستەم دەبینرێت؛ چونکە ململانێی نێوان جەمسەرەکان قووڵە. 

ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەی سبەی، دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆبوونەوەی فراوانی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە تێیدا بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەدرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو