داواکارییەک ئاراستەی پەرلەمانتارانی عێراق دەکرێت؛ هۆشداری دەدرێت لە مەترسیی گیانی سەدان تووشبووی هیمۆفیلیا لە هەرێم
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
زانیار عادل، سەرۆکی کۆمەڵەی هیمۆفیلیا، هۆشدارییەکی بەپەلە لەبارەی دۆخی تەندروستی تووشبووانی هیمۆفیلیا بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی نەمانی دەرمان و چارەسەرەوە، ژیانی سەدان نەخۆش کەوتووەتە مەترسییەوە.
کەمیی دەرمان و پچڕانی هاوکارییەکانی بەغدا
سەرۆکی کۆمەڵەی هیمۆفیلیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ئاماژەی بەوە کرد، کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تووشبووان بەدەست کەمیی دەرزیی چارەسەرەوە دەناڵێنن. ئەم دەرزییانە پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکران و لە ڕێگەی نەخۆشخانەی هیواوە بەسەر نەخۆشەکاندا دابەش دەکران، بەڵام ئێستا بە پاساوی "قەیرانی دارایی و پەسەند نەکردنی بودجە" ڕەوانەکردنی دەرمانەکان ڕاگیراوە.
ئامارەکان و تێچووی چارەسەر
بەپێی زانیارییەکانی زانیار عادل دەڵێت: لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٠٠ تووشبوو هەن. تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٤٠٠ نەخۆش هەن.
دەشڵێت: هەر نەخۆشێک پێویستە هەفتانە دەرزییەک بەکاربهێنێت بۆ ڕێگری لە خوێنبەربوون. نرخی هەر دەرزییەک لە بازاڕدا ٤٠٠ دۆلارە، جگە لەوەی لە بازاڕەکاندا بە ئاسانی دەستناکەوێت.
داواکارییەکان بۆ چارەسەری کێشەکە
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو داوایەکی ئاڕاستەی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە بە زووترین کات بێنە سەر هێڵ و فشار بخەنە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ناردنی دەرمانەکان. جەختیشی کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ژیانی سەدان هاووڵاتی کە توانای کڕینی ئەو چارەسەرە گرانبەهایەیان نییە.