دڕکێک لە گەرووی یەکێتی دا؛ دۆسییەی لاهور شێخ جەنگی بەچی دەگات؟
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٢٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لاهور شێخ جەنگی، کە ڕۆژانێک بە "پیاوە بەهێزەکەی دەزگا ئەمنییەکان" دەناسرا، ئێستا وەک "دڕکێک لە گەرووی یەکێتی"ـدا دەردەکەوێت؛ دڕکێک کە نە قووت دەدرێت و نە بە ئاسانیش دەردەهێنرێت.
کۆتایی مانگرتن و سەرەتای گەمەیەکی نوێ
ڕۆژی ١٩ـی ئەم مانگە، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاتی برای، دەستکردن بە مانگرتنی هەردووکیان ڕاگەیاند، ئەویش بەهۆی ناڕەزایەتییان لە دۆخی یاساییان.
ئەوان کە لە ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ـەوە پاش شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە کە بە شەڕی "لالەزار" ناسراوە دەستگیرکران، لە مانگی ١ـی ئەمساڵ برانە بەردەم دادوەر و هەر لەو کاتەوە داوادەکەن دۆسیەکەیان بگوێزرێتەوە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم و دەشیانەوێت شوێنی دادگاییەکەیان بگوێزنەوە بۆ هەولێر.
رۆژی (٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٦)، تیمی پارێزەرانی ڕایانگەیاند کە لاهور و پۆلادی برای، دوای وەرگرتنی "دەستەبەریی یاسایی" بۆ ئەوەی دۆسییەکانیان ڕێڕەوی یاسایی گونجاو بگرێتە بەر، کۆتاییان بە مانگرتن لە خواردن هێناوە.
ئەم هەنگاوە کە وەک ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان دەبینرێت، بەڵام قەیرانەکە لە بنەڕەتدا زۆر قووڵترە.
شەڕی دادگا: سلێمانی یان هەولێر؟
گەورەترین کێشمەکێشی یاسایی لەسەر شوێنی دادگاییکردنەکەیە. تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی متمانەیان بە دادگاکانی سلێمانی نەماوە و سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) تۆمەتبار دەکەن بەوەی فشار دەخەنە سەر دەسەڵاتی دادوەریی ناوخۆیی. ئەوان داوا دەکەن دۆسییەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە لە هەولێر؛ داواکارییەک کە ڕەهەندی سیاسی گەورەی هەیە و دەکرێت ململانێی نێوان هەولێر و سلێمانی قووڵتر بکاتەوە.
چارەنووس بەرەو کوێ؟
ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا لاهور شێخ جەنگی وەک "زیندانییەکی سیاسی" دەمێنێتەوە و دەبێتە هێمایەک بۆ ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەی سەوز، یان ڕێککەوتنێکی سیاسی لە پشت پەردەوە دەبێتە هۆی ئازادکردنی و دوورخستنەوەی لە کایەی سیاسی؟
لاهور شێخ جەنگی کە خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانییە و ڕۆژانێک پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوادا هەبوو، ئالەنگارییەکی سەختە بۆ یەکێتی.
دۆسییەی ئەو، تەنها دادگاییکردنی کەسێک نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی ئەو سنوورەیە کە تێیدا ململانێی سیاسی و یاسا بەیەک دەگەن.