لە نێوان پارتی و یەکێتیدا؛ کێ کلیلی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی لایە؟

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٢٤ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان پارتی و یەکێتیدا؛ کێ کلیلی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی لایە؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا کێشە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامن، چۆمان محەمەد، شارەزای بواری یاسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (پەنجەرە) تیشکی خستە سەر میکانیزمە یاساییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە.

میکانیزمە یاساییەکان

ئەو شارەزا یاساییە ئاماژەی بەوە کرد کە یاسای هەڵبژاردن لەسەر چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە کاتی بنبەستی سیاسی دەقی یاسایی تێدا نییە، بەڵام یاسای سەرۆکایەتی هەرێم چوار حاڵەتی دیاریکردووە:

١. کۆنەبوونی پەرلەمان: ئەگەر ٤٥ ڕۆژ دوای بانگەوازی سەرۆکی هەرێم، پەرلەمان نەتوانێت کۆببێتەوە، خولەکە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

٢. دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ: کاتێک ٥١ پەرلەمانتار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن.

٣. شکستی پێکهێنانی حکومەت: ئەگەر کاندیدی ڕاسپێردراو نەتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کابینەی حکومەت پێکبهێنێت.

٤. تێکچوونی سەقامگیریی: دروستبوونی مەترسیی جدی لەسەر سیستەمی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم.

ئاستەنگەکان

چۆمان محەمەد ڕوونیکردەوە کە لە ئێستادا بەشێک لەم بژاردانە ئەستەمن؛ بۆ نموونە پرۆسەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران لە ڕووی یاساییەوە بەستراوەتەوە بە بوونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە تا ئێستا هەڵنەبژێردراوە تا داواکارییەکان وەربگرێت. هەروەها هێشتا هیچ کاندیدێک بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕانەسپێردراوە.

ڕۆڵی ئەنجومەنی شورا و دادگای فیدراڵی

سەبارەت بە چارەسەری جێگرەوە، ناوبراو ئاماژەی بە دوو ڕێگەی دیکە کرد:

یەکەم: ئەنجومەنی شورا
دەکرێت داوای بۆچوونی یاسایی لە ئەنجومەنی شورا بکرێت سەبارەت بەوەی ئایا تەنها "کۆبوونەوەی سوێندخواردن" بە کۆبوونەوەی فەرمی هەژمار دەکرێت یان نا، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی مەرسومەوە پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە.

دووەم: دادگای فیدراڵی
پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی عێراق بژاردەیەکی دیکەیە، هاوشێوەی ئەوەی لە خولی پێنجەمدا ڕوویدا. 

هەرچەندە پێشتر دادگاکە داوای هەندێک لایەنی سیاسیی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام چۆمان محەمەد پێیوایە "ئەگەر ئاڵۆزییەکان زیاتر بن، دوور نییە دادگای فیدراڵی بۆ پاراستنی مافی دەنگدەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات."

دۆخی ئێستای پارتی و یەکێتی

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ (پەنجەرە)، ئەو یاساناسە جەختی کردەوە کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، هێشتا پارتی و یەکێتی بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان وەک هەنگاوی کۆتایی نەبینیوە و هێشتا مەودای مانۆڕی سیاسییان ماوە و لەگەڵ ئەنجامدانەوەی خێرای هەڵبژاردن نین تا ئەو کاتەی دۆخەکە بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو