لە نێوان "کاندیدی کاتی" و "ململانێی پەرلەمانیدا"؛ چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم دوا دەرفەتی یاسایی و دەستووریدا
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا وادە دەستوورییەکان بەرەو کۆتایی دەچن، لایەنە شیعەکان هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئەو مۆڵەتە ١٥ ڕۆژییەی کە دەستوور دیاریکردووە بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی کوتلەی زۆرینە بۆ سەرۆکوەزیران، کۆتایی بێت.
کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە
بڕیارە سبەینێ لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام بدەن. ئامانجی کۆبوونەوەکە گەیشتنە بە رێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش لە دوا ساتەکانی وادەی دەستوورییدا، تا وڵات نەکەوێتە ناو بۆشایی یاساییەوە.
کات لەبەرژەوەندی لایەنەکان نییە
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە، بەڵام ناکۆکییەکان هێشتا بەربەستن. هەندێک لە لایەنەکان دەیانەوێت پرسی کاندیدکردن دوابخرێت بۆ دوای شەڕی ئێران، تا وێنەکە ڕوونتر بێتەوە، بەڵام دەستوور ڕێگرە لە هەر جۆرە دواخستنێک."
سیناریۆ و دەرەچە یاساییەکان
بەپێی گوتەی هەمان سەرچاوە، لایەنەکان بۆ دەستخستنی کات و خۆدەربازکردن لەو فشارە دەستوورییە، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن دوو بژاردەیان لە بەردەستدایە:
١- پێشکەشکردنی کاندیدێکی کاتی: ناوێک پێشکەش بە سەرۆکایەتی کۆمار بکرێت، بەڵام لە ناو پەرلەماندا دەنگی پێنەدرێت؛ ئەمە وەک دەرەچەیەکی یاسایی بۆ دەستکەوتنی کاتی زیاتر بەکاردێت تا لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتنی ڕاستەقینە.
٢- یەکلاییکردنەوە لەناو پەرلەمان: ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، کێبڕکێی کاندیدەکان ببرێتە ناو هۆڵی پەرلەمان و لەوێ لە ڕێگەی دەنگدانەوە یەکلایی بکرێنەوە.
لە ئێستادا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکەی سبەینێن، ئایا شیعەکان دەتوانن لە دوا ساتەکاندا گرێکوێرەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت بکەنەوە، یان عێراق ڕووبەڕووی قۆناغێکی تری ئاڵۆزی دەبێتەوە؟