ترامپ و مێژوویەک لە هەوڵی تیرۆرکردن

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٢٦ پاش نیوەڕۆ

ترامپ و مێژوویەک لە هەوڵی تیرۆرکردن

پەنجەرە

جارێکی دیکە و لەناو جەرگەی پایتەختی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ ڕووبەڕووی هەوڵێکی نوێی تیرۆرکردن بووەوە. ئەمە سێیەمین هەوڵی پشتڕاستکراوەی کوشتنی ترامپە کە تێیدا بە سەلامەتی ڕزگاری دەبێت.

وردەکاریی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو

شەوی شەممە، (کاتژمێر ٨:٣٦ـی شەو بەکاتی واشنتۆن) و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە هۆتێل "واشنتۆن هیلتۆن"، چەکدارێک هەوڵیدا لە خاڵێکی پشکنینی ئەمنییەوە هەڵبکوتێتە سەر هۆڵی سەرەکی ئاهەنگەکە.

بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی چەکدارەکە ڕووبەڕووی پاسەوانەکان بووەتەوە، تەقەیەکی زۆر لەناو هۆتێلەکە بیستراوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئامادەبووان لەژێر مێزەکاندا خۆیان بشارنەوە. دەستبەجێ تیمەکانی خزمەتگوزاریی نهێنی، ترامپ، میلانیای هاوسەری و جی دی ڤانسی جێگریان بە سەلامەتی لە هۆڵەکە دوورخستەوە.

هێزە ئەمنییەکان گەنجێکی تەمەن ٣١ ساڵیان بە ناوی "کۆڵ تۆماس ئالین" دەستگیرکرد، کە خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و لە هەمان هۆتێل نیشتەجێ بووە. تۆمەتبارەکە چەک و دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێبووە.

لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا، ئەفسەرێکی خزمەتگوزاری نهێنی بریندار بوو، بەڵام بەهۆی پۆشینی قەڵغانی گوللەنەبڕ، ژیانی لە مەترسی ڕزگاری بووە و باری تەندروستی جێگیرە.

دۆناڵد ترامپ خۆی لە یەکەم لێدوانیدا ڕایگەیاند کە ئەو باشە و هێرشبەرەکەی بە "کەسێکی نەخۆش و تێکدەر" وەسف کرد.

ترامپ و مێژوویەکی پڕ لە مەترسی

ئەم ڕووداوە دوای زنجیرەیەک هەوڵی تری هاوشێوە دێت کە ژیانی ترامپیان کردووەتە ئامانج.

لە (١٣ـی تەمموزی ٢٠٢٤) لە پێنسڵڤانیا، لە کاتی گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن، تەقە لە ترامپ کرا و گوێی ڕاستی بەرکەوت.

پێش ئەوەش، لە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە فلۆریدا، چەکدارێک لە یاریگای گۆڵفی ترامپ دەستگیرکرا کە وەک باسکرا ئامادەکاریی کردووە بۆ هێرشکردنە سەری.

جگە لەمانە، لە ساڵانی ڕابردوودا ترامپ چەندین هەڕەشەی تری وەک ناردنی ماددەی ژەهراوی (ڕیسین) لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٠ و پوچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرکردن لەلایەن ئێرانەوە لە تەمموزی ٢٠٢٤ـدا بەخۆوە بینیوە.

هەروەها لە شوباتی ٢٠٢٦ـدا، هێزە ئەمنییەکان چەکدارێکیان لە نزیک هاوینەهەوارەکەی خۆی لە "مارالۆگۆ" کوشت کە هەوڵی بەزاندنی سنووری ناوچەکەی دابوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو