موجتەبا خامنەیی؛ ناوێکی گەورە و جەستەیەکی ون
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەوکاتەوەی وەکو رابەری باڵا هەڵبژێردراوە و دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، موجتەبا خامنەیی هیچ دەرکەوتنێکی نەبووە و نەبینراوە، لەکاتێکدا میدیا نێو دەوڵەتییەکانیش زانیاریی دژ بەیەک لەبارەی چارەنوسیەوە بڵاو دەکەنەوە.
هەرچەندە ناو بەناو پەیام بەناوی خامنەییەوە بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نییە بیسەلمێنێت نابراو سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی ئێران دەکات.
بەرپرسانی ئێران برینداربوونی موجتەبا خامنەییان لە هێرشەکەی رۆژی ٢٨ـی شوبات رەتنەکردەوە، بەڵام وردەکاری دۆخی تەندروستی و شوێنی مانەوەی دەشارنەوە و هیچی لەبارەوە ناڵێن.
عەلی خامنەیی رابەری کۆچکردووی ئێران، هەمیشە لەرێگەی وتار و دەرکەوتنە میدیاییەکانییەوە روونکردنەوەی لەبارەی ململانێی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل دەدا، بەڵام رابەری نوێ ناوێکی گەورە و جەستەیەکی نادیارە.
نادیاری موجتەبا خامنەیی لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت و هەندێک بۆ خراپی دۆخی ئەمنی و ترس لە بەئامانج گرتنی دەگێڕنەوە، هەندێکی تریش پێیانوایە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و تەنها ناوەکەی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ئیدارەدانی شەڕ بەکار دەهێنرێت.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە تەنانەت گەر دۆخی تەندروستیشی جێگیر بێت، موجتەبا خامنەیی لەکاتی شەڕدا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و ئەمەش رێگربووە لەوەی دەسەڵاتەکانی بچەسپێنێت.
لەکاتێکدا بەشێکی تر لەچاودێرانی سیاسی جیاوازتر لە دۆخەکە دەڕوانن و وایدەبینن، خامنەیی لەژێر کاریگەریی دۆخە خراپە تەندروستییەکەیدایە و توانای ئیدارەدانی دۆخەکەی نییە.
لەهەردوو حاڵەتەکەدا وا دەردەکەوێت پرۆسەی بڕیاردان لە ئێران، هاوشێوەی سەردەمی خامنەیی باوک مەرکەزیی و بەهێز نەبێت، بەڵکو پرۆسەکە جۆرێک لە شپرزەیی پێوە دیاربێت.