گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکانی هەوکردنی لووت زیاد دەکات

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٣٦ پاش نیوەڕۆ

گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکانی هەوکردنی لووت زیاد دەکات

پەنجەرە- BBC

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری "لانست" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی درێژبوونەوەی "وەرزی دەنکە هەڵاڵە"، بەمەش هەستیاریی و هەوکردنی لووت زیاد دەکات.

بەپێی ئامارەکان، پڕۆسەی بڵاوبوونەوەی دەنکە هەڵاڵە لەم ساڵانەی دواییدا، هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە زووتر لەو وادەیە دەستپێدەکات کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا تۆمار کراوە، ئەمەش ماوەی ئازارەکانی کەسانی هەستیار درێژتر دەکات.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەتایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ژینگەیەکی لەباری بۆ گەشەی خێرای ڕووەکەکان و دروستبوونی دەنکە هەڵاڵە ڕەخساندووە. ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە بڕی ئەو دەنکە وردانەی لە هەوادا بڵاودەبنەوە دوو هێندە زیاد بکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی توندبوونی نیشانەکانی وەک پژمین، خورانی چاو و سەرئێشە.

ئەم هەستیارییە کاریگەری قورسی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە. چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و دابڕان لە کار، تەنانەت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی خوێندنی مێردمنداڵان و قوتابیان دروست دەکات لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا.

یەکێکی تر لە مەترسییە گەورەکان، پەیوەندی نێوان دەنکە هەڵاڵە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیە. پزیشکان هۆشداری دەدەن کە ئەم دەنکە وردانە دەکرێت ببێتە هۆی هەوکردنی ڕێڕەوەکانی هەوا و دروستبوونی بارودۆخی سەختی هەناسەدان، کە لای خۆیەوە مەترسی تووشبوون بە تەنگەنەفەسی (ڕەبو) یان توندبوونی نیشانەکانی لەو کەسانەدا زیاد دەکات کە پێشتر نەخۆشی سییەکانیان هەبووە.

سەبارەت بە چارەسەر، پسپۆڕانی هەستیاری پێشنیار دەکەن کە بەکارهێنانی دەرمانی دژە هیستامین، سپرای لووتی ستیرۆیدی و دڵۆپەی چاو دەتوانن نیشانەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە.

هەروەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان، شارەزایان ئامۆژگاری هاوڵاتییان دەکەن کە گرنگی بە پاکوخاوێنی بدەن و دوای گەڕانەوە لە دەرەوە گەرماو بکەن و جلەکانیان بگۆڕن. هەروەها بەکارهێنانی ڤازلین بۆ ڕووپۆشکردنی ناوەوەی لووت بەمەبەستی گرتنی دەنکە هەڵاڵەکان، لەگەڵ پۆشینی چاویلکەی خۆر و ماسک، وەک ڕێگەچارەی کاریگەر بۆ پاراستنی چاو و کۆئەندامی هەناسە لەو تەنە وردانە پێشنیار دەکرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو