چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێم؛ هەڵبژاردن وەک کارتێکی فشار یان چارەسەر؟

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٣٨ پاش نیوەڕۆ

چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێم؛ هەڵبژاردن وەک کارتێکی فشار یان چارەسەر؟

پەنجەرە

لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گەیشتووەتە ئاڵۆزترین قۆناغ، بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە هاتووەتە ئاراوە. 

هەرچەندە ئەم بابەتە لە ئاستی گوتاردا دەبیسترێت، بەڵام ئاستەنگە یاسایی و سیاسییەکان ئاسۆی ئەم هەنگاوەیان لێڵ کردووە.

هەڵبژاردن؛ مانۆڕی سیاسی یان هەنگاوی کرداری؟

تا ئێستا باسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن زیاتر وەک "کارتێکی فشار" لەلایەن پارتییەوە بەکاردەهێنرێت، لە بەرامبەریشدا یەکێتی ئامادەیی خۆی بۆ ئەو ئەگەرە نیشان داوە. بەڵام ڕاستی وێنەکە ئەوەیە کە هیچ کام لەم دوو هێزە هەنگاوی کردارییان بۆ ئەم مەبەستە نەناوە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم پرۆسەیە تێچوویەکی زۆری هەیە و ڕووبەڕووی ئاستەنگی لۆجیستی و یاسایی قورس دەبێتەوە.

هاوکێشەی قازانج و زیان بۆ لایەنەکان

دۆخی ئێستای حکومڕانی بۆ هەردوو لایەنی سەرەکی مانا و لێکەوتەی جیاوازی هەیە، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ مەسرور بارزانی جۆرێکە لە شکان، چونکە وەک شکستی کابینەکەی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەردەکەوێت. 
لە لایەکی ترەوە، بەردەوامیی دۆخی ئێستا (حکومەتی کاربەڕێکەر) لە بەرژەوەندی ئەودایە، چونکە بێ چاودێریی پەرلەمان لە کارەکانی بەردەوام دەبێت.

لەکاتێکدا بەردەوامیی ئەم دۆخە بە زیانی یەکێتی دەشکێتەوە چونکە ڕۆڵی لەم کابینەیەدا لاوازە. یەکێتی دوای سەرکەوتنی لە پرسی سەرۆک کۆمار، بە دەستکەوتێکی مەعنەوییەوە گەڕاوەتەوە بۆ دانوستانەکان و سەقفی داواکارییەکانی بەرزکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە "عینادیی پارتی" و "بێباکیی یەکێتی" ئاراستەی دانوستان قورستتر بکەن.

بەربەستە یاساییەکان و مەترسیی "تونێلە تاریکەکە"

ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێکی نوێ پێویستی بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە. لێرەدا کێشە گەورەکە دەستپێدەکات؛ چۆمان محەمەد، شارەزای بواری یاسا، ئاماژە بەوە دەکات وادەی یاسایی کۆمیسیۆنی ئێستای عێراق لە ٧ی یەکی ٢٠٢٧ کۆتایی دێت. ئەمەش هەرێم دەخاتە نێو تونێلێکی تاریکەوە، چونکە لە بەغدا تێڕوانینی جیاواز هەیە بۆ گۆڕینی یاسا و پێکهاتەی کۆمیسیۆن، بەمەش ئەگەر هەرێم بڕیاری هەڵبژاردنیش بدات، کۆمیسیۆن وادەی نامێنێت تا سەرپەرشتی بکات."

ئەنجام

ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کەچی هێشتا نە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و نە ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت ڕوونە. ئێستا هەرێمی کوردستان لە نێوان سێ ڕێیانێکدایە، فشاری دەرەکی کە هەردوو لایەن ناچاری ڕێککەوتن بکات. یان بەردەوامیی دۆخی ئێستا وەک حکومەتێکی بێ پەرلەمان. یاخود گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنێکی نادیار کە ئاستەنگە یاساییەکانی بەغدا ڕێگری لێ دەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو