دوای بەدواداچوونێکی پەنجەرە ؛عێراق دەرمان بۆ تووشبووانی هیمۆفیلیا لە هەرێم دابین دەکات
٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی پەنجەرە لە راپۆرتێکدا تیشکی خستە سەر نەمانی چارەسەری پزیشکی و دەرمانی تایبەت بە تووشبووانی "هیمۆفیلیا" لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، دۆسیەکە گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکە دەدات.
جوڵەی پەرلەمانی لەسەر بنەمای راپۆرتەکە
د. رێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی لەلایەن زانیار عادل، سەرۆکی کۆمەڵەی هیمۆفیلیا لە هەرێم بۆ میدیای پەنجەرە خرابوونە ڕوو، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە وەزیری تەندروستیی عێراق کرد بەپەلە چارەسەری پزیشکی پێویست بۆ تووشبووان رەوانەی هەرێم بکرێت.
د. رێبوار کەریم، لە نوسراوەکەدا بۆ وەزیری تەندروستی عێراق، نوسیویەتی: "زانیار عادل سەرۆکی کۆمەڵەی هیمۆفیلیا نەهامەتییەکانی بۆ میدیای پەنجەرە خستووەتەڕوو.”
بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە
سەبارەت بە ئەنجامی هەوڵەکان، د. رێبوار کەریم مەحمود، بە پەنجەرەی راگەیاند: "دوای خستنەڕووی نەهامەتییەکانی تووشبووانی هیمۆفیلیا و داواکارییەکانمان، وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنیدا لە نزیکترین کاتدا دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات."
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە تووشبووانی هیمۆفیلیا لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کەمیی دەرمانەوە لە بارودۆخێکی تەندروستی سەختدا بوون، بەڵام بەدواداچوونی میدیایی و فشاری پەرلەمانی بووە هۆی جوڵاندنی دۆسیەکە لەسەر ئاستی بەغدا.