وردەکاری دەمەقاڵەی نێوان نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی 

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ

وردەکاری دەمەقاڵەی نێوان نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی 

 پەنجەرە

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، وردەکاریی دەمەقاڵێ و دروستبوونی گرژی لە نێوان نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ (پەنجەرە) ئاشکرا دەکات، کە بووەتە هۆی تێکچوونی دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی.

سەرەتای ناکۆکییەکە

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە ماڵی "هومام حەمودی" بەڕێوەچوو، محەمەد شیاع سودانی بە ڕاشکاوی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە چەندین جار دەستپێشخەریی بۆ نوری مالیکی کردووە بە مەبەستی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن، بەڵام مالیکی هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نەبووە و هەنگاوی هاوشێوەی نەناوە. 
سودانی هۆشداریی داوە کە ئەم جۆرە مامەڵەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە پرۆسەی سیاسی و کارەکانی حکومەتدا.

وەڵامە تووندەکەی مالیکی

سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەی بەوەش کرد، قسەکانی سودانی بووەتە هۆی تووڕەبوونی نوری مالیکی و لە وەڵامدا بە تووندی ڕووی دەمی کردووەتە سودانی و پێیڕاگەیاندووە: "تۆ خۆت هۆکاری دروستبوونی پشێویت لە عێراقدا."

جێهێشتنی کۆبوونەوەکە

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، دوای ئەو دەمەقاڵێیە نوری مالیکی وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بە تووڕەییەوە هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتووە. هەرچەندە لەلایەن سەرکردەکانی دیکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەوڵێکی زۆر دراوە تا ناوبراو هێور بکرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆبوونەوەکە، بەڵام مالیکی سوور بووە لەسەر بڕیارەکەی و نەگەڕاوەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو