حکومەتی عێراق لەبەردەم قەیرانێکی دارایی سەختدایە؛ سیناریۆکانی دابینکردنی مووچە
٢٧ نیسان ٢٠٢٦ - ٥:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی داخستنی گەرووی هورمز و پەککەوتنی هەناردەی نەوت، حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی پێنج رووبەڕووی ئاستەنگیی دارایی گەورە دەبێتەوە، لەکاتێدا زۆر بە زەحمەت موچەی مانگی چواری بۆ دابینکراوە.
نائارامییەکانی ناوچەکە و کەمبوونەوەی داهات، بەغدای خستووەتە بەردەم بژاردەگەلێکی قورس بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەیە.
داکشانێکی مەترسیدار لە هەناردەی نەوت
بەپێی داتا فەرمییەکان، عێراق کە پێشتر مانگانە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، لە مانگی رابردوودا (مانگی سێ) رێژەی هەناردەکردنی بۆ تەنها ١٨ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. ئەم کورتهێنانە گەورەیە لە کاتێکدایە کە هێشتا ئاسۆی هەناردەی نەوت بۆ ئەم مانگە نادیارە و مەترسییەکانی سەر داهاتی گشتی بەردەوامن.
سیناریۆکانی بەردەم وەزارەتی دارایی
بەپێی بەدواداچوونەکانی (پەنجەرە)، ئەگەر دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەردەوام بن، عێراق ناچار دەبێت پەنا بۆ یەکێک لەم سێ سیناریۆیانە ببات بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو:
١. فرۆشتنی قەواڵە داراییەکان: وەزارەتی دارایی پەنا بباتە بەر فرۆشتنی قەواڵەی دارایی بە بانکە ناوخۆییەکان، ئەمەش بەواتای بەکارهێنانی یەدەگی دراوە بیانییەکان دێت.
٢. چاپکردنی دیناری نوێ: پەنابردن بۆ چاپکردنی بڕێکی دیاریکراو لە دراوی عێراقی، کە پسپۆڕان بە چارەسەرێکی کاتی و مەترسیداری دەبینن بۆ سەر بەهای دینار.
٣. قەرزی دەرەکی: وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی بە سوودێکی زۆر، بە جۆرێک کە لە داهاتوودا لەبری سوودی قەرزەکان نەوت رادەستی وڵاتانی قەرزدەر بکرێت.
ئەم تەنگژە داراییە لە کاتێکدایە کە مووچەخۆران بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی هەنگاوە کردەییەکانی حکومەت دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و گەرەنتیی بەردەوامیی شایستە داراییەکانیان.