ئایا عەلی زەیدیی متمانە بەدەستدێنێت؟

٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:١٣ پاش نیوەڕۆ

ئایا عەلی زەیدیی متمانە بەدەستدێنێت؟

پەنجەرە

لەگەڵ ئاشکراکردنی ناوی عەلی زەیدیی وەک کاندیدی "سازان" بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوە نییە کە ئایا لایەنە شیعییەکان لەسەری ڕێکدەکەون یان نا، بەڵکو ئەوەیە: ئایا دەتوانێت متمانە بەدەستبێنێت و داخۆ واشنتۆن بە دانانی ڕازیی دەبێت؟

زەیدیی لەنێوان سزا و متمانەدا

گەورەترین بەربەست لەبەردەم عەلی زەیدی، مێژووەکەیەتی! ئەو کە خاوەن و دامەزرێنەری "بانکی جنوبی ئیسلامی"یە، پێرار لەلایەن ئەمەریکاوە سزادرا و بێبەشکرا لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە، ئەمەش بەتۆمەتی گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و گروپە چەکدارەکان.

کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکێک دەخاتە لیستی ڕەشەوە بەم تۆمەتە، ئەوا تەنها سزایەکی بازرگانی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی سوورە لەسەر خاوەنەکەی.

بۆ واشنتۆن ئەستەمە متمانە بە کەسێک بکات کە بانکەکەی پێشتر بە "قاچاخچێتی دۆلار" تۆمەتبار کراوە، چونکە مەترسی ئەوە هەیە تەواوی بودجەی عێراق بخاتە خزمەت ئەو لایەنانەی ئەمەریکا بە دوژمنیان دەزانێت.

عەلی زەیدیی ئەگەرچی وەکو بازرگانێکی سەربەخۆ وێنادەکرێت؛ بەڵام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وەک "ڕووکاری دارایی" گروپە چەکدارەکان وێنای دەکەن.

بۆیە ئەمەش بۆ ئەمەریکا قبوڵکردنی قورس دەبێت، مەگەر سەفقەیەک لەژێرەوە بۆی ئامادەکرابێت.

گەمەیەکی تری شیعەکان

چوارچێوەی هەماهەنگی زەیدییان بۆیە کاندید کردووە چونکە کێشەی ناوخۆییان پێ چارەسەر دەکات و وەک جێگرەوەیەک بۆ مالیکی و سودانی دەخرێتەڕوو.

بەڵام کاراکتەری زەیدیی بەتایبەتی لە بواری سیاسییدا زۆر لاوازە، بۆیە ئەمە بە دوو ئاراستە دەبینرێت:

ئاراستەی یەکەم: ئەوەیە کە لایەنە شیعەکان بەمەبەست ئەمەیان کردبێت بەتایبەتی مالکی و سودانی، بۆ ئەوەی مەدام خۆیان نەبوون، کەسێکی لاواز ببێت و کە هیچ بارگرانییەک لەسەر ئەوان درووستناکات.

دووەم ئاراستە: ئەوەیە کە ڕەنگە شیعەکان هەر لە سەرەتاوە بزانن کە کارتەکەیان سووتاوە، بەڵام بەمە هەندێک کات بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن بەتایبەتی کە ئەمڕۆ ماوەی پێشکەشکردنی کاندید کۆتایی هاتووە و ڕەنگە دۆخەکە شیعەکان ڕووبەڕووی کێشە و ئاستەنگ بکاتەوە.

بۆیە سەرگرتنی کاندیدکردنی ئەم کاندیدەی سەرۆک وەزیران، پڕە لە ئالەنگاریی، ئەگەر پێشتر لە ئاستە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکەی، ڕێککەوتنێکی گەورە بۆ دانانی نەچنرابێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو