سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق؛ کێبڕکێی هەژموون و هاوسەنگییەکی پڕ لە درز
٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣وە، نەریتێکی سیاسی لە عێراقدا چەسپاوە کە سێ پۆستە سەرەکییەکەی وڵات (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، و سەرۆکوەزیران) لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکاندا دابەش دەکرێن.
هەرچەندە ئەم دابەشکارییە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووریی نییە، بەڵام وەک نەریتی سیاسی پەیڕەو دەکرێت. لەم خولەدا، یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستانە لە نێو شەپۆلێکی توندی کێشمەکێش و ململانێی ناوخۆیی پێکهاتەکاندا تێپەڕ بوو.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە بەرکەوتەی عەرەبی سونەیە، ئەمجارە بە ئاسانی یەکلایی نەبووەوە، بەڵکو دوای کێشمەکێشێکی زۆر دواجار پۆستەکە درا بە (هەیبەت حەلبوسی) لە هاوپەیمانی تەقەدوم.
محەمەد حەلبوسی کە خۆی چاوی لەم پۆستە بوو، بەهۆی "ڤیتۆ"ی بەشێک لە لایەنە کوردی، شیعی و تەنانەت سوننەکانیش، نەیتوانی پۆستەکە وەربگرێتەوە. ناچار بوو ئامۆزاکەی خۆی کاندید بکات بۆ پاراستنی پێگەی هاوپەیمانییەکەی.
موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، ڕکابەرێکی سەرسەختی ئەم پۆستە بوو، بەڵام دواجار لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسییەوە ململانێکە بۆ بەرژەوەندی تەقەدوم کۆتایی هات.
سەرۆک کۆمار کۆمار: درزی نێوان لایەنە کوردییەکان
پۆستی سەرۆک کۆمار کە بە پشکی کورد و بە دیاریکراوی یەکێتی دادەنرێت، بووە مایەی قووڵکردنەوەی ناکۆکییە لەمێژینەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
هەرچەندە پۆستەکە بۆ (نزار ئامێدی) یەکلایی بووەوە، بەڵام پێدانی ئەم پۆستە بە یەکێتی بەبێ ڕەزامەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، وایکرد پارتی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی بکات و پەرلەمانتارەکانی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بکشێنێتەوە.
لێکەوتە سیاسییەکانی پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار تەنها کاریگەری لە بەغدا دەرنەکەوت، بەڵکو درزی نێوان هەردوو حزبە سەرەکییەکەی هێندە قوڵکردووەتەوە کە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هێندەیتر قورستر بێت.
سەرۆکوەزیران : شەڕی هەژموون
پۆستی سەرۆکوەزیران، کە خاوەنی بەهێزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، هەمیشە چەقی ململانێ توندەکانە.
جیاواز لە پۆستەکانی تر، ئەم پۆستە تەنها ناونیشان نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کایە ئابووری، سیاسی و سەربازییەکان.
ململانێی توندی نێوان (نووری مالیکی) و (محەمەد شیاع سودانی) لەسەر ئەم پۆستە، گەیشتە ئاستی "دەستشکاندنەوە"، بەهۆی قووڵی ناکۆکییەکان و بۆ ئەوەی هیچ لایەکیان پۆستەکە دژی ئەویتر بەکارنەهێنێت، دواجار (عەلی زەیدی) کاندید کرا.
زەیدی کەسایەتییەکی بێ پێشینەی سیاسی و حوکمڕانییە، ئەمەش نیشانەی گۆڕانی ستراتیژییە لە نێو ماڵی شیعەدا؛ لە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینەوە، مەیلی لایەنەکان بەرەو کاندیدی "بێ حزب و لاواز" ڕۆیشتووە تاوەکو مەترسی بۆ سەر جەمسەرە گەورەکان دروست نەکات.
ئەنجام
دابەشکردنی سێ پۆستە سەرەکییەکە نیشانیدەدات کە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا هێشتا لەسەر بنەمای "تەوافوقی پڕ لە کێشە" بەڕێوە دەچێت. هەرچەندە پۆستەکان پڕکراونەتەوە، بەڵام شێوازی یەکلاییکردنەوەیان (لە ڕێگەی بایکۆت، ڤیتۆ و کاندیدی بێ لایەن) ئاماژەیە بۆ ناسەقامگیرییەکی سیاسی کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە.