تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاندیدی سەرۆکوەزیران؛ جەنگێکی پێشوەختە بۆ ڕاکێشانی سۆزی جەماوەر
٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا هێشتا عەلی فالح زەیدی، وەک کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق متمانەی پەرلەمانی بەدەستنەهێناوە و بە ڕەسمی دەستبەکار نەبووە، دیاردەی بڵاوبوونەوەی دەیان لاپەڕە و ئەکاونتی سێبەر بە ناوی ئەوەوە لە سۆشیال میدیا بووەتە جێی سەرنجی چاودێران.
ستراتیژیەتی لایەنە سیاسییەکان
حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ئێستادا پشتبەستن بە "سوپای ئەلیکترۆنی" و سۆشیال میدیا بە یەکێک لە کارە هەرە لەپێشینەکانیان دەبینن. بۆ ئەم مەبەستە پارەیەکی خەیاڵی بۆ بەڕێوەبردن و سپۆنسەرکردنی ئەم لاپەڕانە تەرخان دەکرێت.
مەبەستی سەرەکی لەم هەڵمەتە پێشوەختانە، دروستکردنی پڕوپاگەندە، ڕاکێشانی سۆزی جەماوەر و وێناکردنی کاندیدەکەیە وەک "کەسی ڕزگارکەر" پێش ئەوەی کورسیی دەسەڵات وەربگرێت.
دیارترین ئەو لاپەڕانەی بەناوی عەلی زەیدییەوە کراونەتەوە:
تەنها لە ماوەیەکی کورتدا، دەیان لاپەڕە بە ناوی جیاوازەوە دەستیان بە چالاکی کردووە، لەوانە:
(علی فالح الزیدي خاص) ، ( رئیس الوزراء علی فالح الزیدي)، (محبین رئیس الوزراء علی فالح الزیدي) ، (تجمع محبین رئیس الوزراء السید علی فالح الزیدي)، ( انصار علی زیدي)، (الشبکە الدعم رئیس الوزراء السید علی فالح الزیدي)، (کروب علی زیدی)، (انصار علی زیدي).
ئەم شەپۆلە لە کردنەوەی لاپەڕە، نیشانەی ئەوەیە کە ململانێی سیاسی لە عێراقدا لە هۆڵەکانی پەرلەمانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو جیهانی دیجیتاڵی، و لایەنەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم "فشارە ئەلیکترۆنییەوە" زەمینەسازی بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکان بکەن.