سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەنجەرە: لەمەودوا قەیرانی دارایی دەست پێدەکات
٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەنجەرە، وڵات لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی دارایی قورسدایە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، سەرەتای قەیرانی دارایی لەمەودوا دەردەکەوێت ، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، وادەی کۆتاییهاتنی قەیرانەکە بە نادیاریی دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکەی ئەنجومەنی ئەنجومەنی وەزیران روونیکردەوە،
دۆخی دارایی عێراق بەهۆی فشاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە بەرەو خراپتر بوون دەچێت، وتی: بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە راگیراوە، ئەمەش سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵاتی پەکخستووە.
وتیشی: ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق ڕاگرتووە و داهاتە دەرەکییەکانی عێراق بە ئاسانی ناگەڕێنەوە ناو وڵات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنان لە نەختینەدا.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە داهاتی خاڵە سنوورییەکان ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و لەلایەن خەڵکانی دەرەوەی دەوڵەتەوە دەبرێن.وتی:”هاووڵاتییان پابەند نین بەدانی تێچووی ئاو و کارەبا، ئەمەش بارگرانییەکی زیاتری خستووەتە سەر حکومەت.
جەختیکردەوە: حکومەتی عێراق لە ئێستادا بەدەست قەرزێکی زۆرەوە دەناڵێنێت، لە کاتێکدا سەرچاوەکانی داهات (نەوت، گومرگ، باج) لە پاشەکشەدان.