ئابووریی ئێران لەبەردەم “جەنگی بژێوی"دا؛ سێ ژەمە نان خەریکە دەبێتە خەون

٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٣٥ پاش نیوەڕۆ

ئابووریی ئێران لەبەردەم “جەنگی بژێوی"دا؛ سێ ژەمە نان خەریکە دەبێتە خەون

پەنجەرە

بەرزبوونەوەی خێرای نرخی کاڵا و شمەک وێنای ئەو قەیرانە  گەورەیە دەکات کە بەهۆی شەڕەوە بەرۆکی ئابووریی ئێرانی گرتووە، بەجۆرێک نرخەکان بەبەردەوامی هەڵدەکشێن و خەڵکیش دا دێت دۆخی خراپتر دەبێت.

گۆڕانکاریی لە نرخی کاڵاو شمەک لە ئێران هێندە بەخێرایی روو لەبەرزبوونەوە دەکەن، تەنانەت فرۆشیارەکانیش ناتوانن نرخەکان جێگیر بکەن و خەمی خەڵکیش لە پەیداکردنی بژێوی رۆژانەدا کورت بووەتەوە. 

هاوڵاتییەکی دانیشتووی تاران کە قسەی بۆ میدیا نێو دەوڵەتییەکان کردووە، دەڵێت:” نرخی بوتڵێک ئاوی بچووک گەیشتووەتە ٢٠ هەزار تمەن، جگەرەی بەهمەنی بچووک بە ١٠٠ هەزار تمەن، کارتۆنێک هێلکە بە ٤٨٠ هەزار تمەن، بۆیە لە سایەی ئەم دۆخەدا چیتر ژیان ئەستەمە، زۆر کەس ناتوانن ڕۆژانە سێ ژەمی تەواو نان بخۆن".

دۆخی ئابووریی ئێران دەرخەری ئەوەیە بەشێکی زۆر لە خێزانەکان کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، دابینکردنی خۆراک و بژێوی رۆژانە بووەتە تەحەدایەکی گەورە بۆیان.

هاوکات لەگەڵ شەپۆلی گرانیدا، قەیرانی بێکاریش تا دێت زیاتر پەرە دەسێنێت، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، کە هەندێکیان لە ئاژانسە حکومییەکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بە داخستنی ژمارەیەکی زۆر لە کارگەو سەرچاوەکانی بژێویی دەکەن، ئەمەش وایکردووە دەیان هەزار کرێکار لەماوەیەکی کورتدا هەلی کار لەدەست بدەن.

قەیرانەکە تەنها لە گرانی و بێکاریدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ دواکەوتنی پێدانی مووچەی موچەخۆران، ئەمەش قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە و دۆخی خەڵک بەرەو خراپتر دەبات.

ئەنجومەنی فەرمانبەرانی زانکۆکان لە ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە مووچەی مانگی ئاداری ڕابردوو هێشتا خەرج نەکراوە، ئەمەش دۆخی ئابووریی خێزانەکانی خراپتر کردووە و ڕەنگە لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ژیانی فەرمانبەران هەبێت.

هەروەها پێدانی بیمە ڕووبەڕووی کێشەی جدی بووەتەوە، چونکە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستمە ئەلیکترۆنییە لەکار خراون و ڕێکارەکانی بڕیاردان لەسەر داواکارییەکان کاتێکی زۆریان دەوێت. 

ئیحسان سوهرابی، چالاکوانی بواری داکۆکیکردن لە توێژی کرێکاران، دەڵێت”ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارە دەرکراوەکان لە دۆخێکی قورس و ئێجگار سەختدان.

بەردەوامیی پچڕانی تۆڕەکانی ئینتەرنێت کە لەترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و بەهۆکاری ئەمنیی پچڕێنراون، گورزێکی گەورەی لە ئابووریی خێزانەکان داوە. 

کەناڵە ئێرانییەکان لە تلیگرام ئاماژە بەوە دەکەن مەزەندە دەکرێت زیانی ئابووریی ئەم پچڕانە لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٠ ملیۆن دۆلاردا بێت لە ڕۆژێکدا، بەوپێیەی بژێوی خەڵکێکی زۆر گرێدراوە بە کارە دیجیتاڵییەکانەوە.

تەنانەت ڕۆژنامەی "اطلاعات" کە بەڕێوەبەرەکەی بە بڕیاری ڕاستەوخۆی ڕێبەری ئێران دادەنرێت، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری دەدات لە کەڵەکەبوونی هەڵئاوسانی گەورەتر، بەجۆرێک بێکاریی ، تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردن و داخستنی کارە ئەلیکترۆنییەکان، ئابووری ئێرانی گەیاندووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. 

ڕاپۆرتەکە جەختیکردەوە بەشێک لە خێزانەکان چیتر توانای بەرگەگرتنی فشارە ئابوورییەکانیان نەماوە، هۆشداریشیداوە لە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی لە شەقامی ئێراندا.

مەنسوور عەلی مەردانی، ئەندامی لێژنەی دارایی، بەهۆی نەبوونی کەرەستە سەرەتاییەکان و داخستنی کارگەکان، دۆخی ئێرانی بە سەخت وەسفکردووە لەرووی ئابوورییەوە.

هەڵاوسان و بێکاریی و دواکەوتنی موچە لەگەڵ درەنگ دەستگەیشتن بە بیمە و پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و داخستنی کارگەکان، دەرخەری قەیرانێکی گەورەی فرە رەهەندە لە ئێران کەکاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک دروستکردووە.

دۆخی ئێران دەرخەری ئەوەیە ژیان بۆ بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان چیتر بەواتای هەوڵدان بۆ باشکردنی بارودۆخیان نایەت، بەڵکو واتاکەی گۆڕاوە بۆ جەنگان لە پێناو دەستخستنی بژێوی رۆژانەدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو