نەوتی زۆرە و سوتەمەنی کەم؛ قەیرانێکی بێوێنەی سوتەمەنی ڕوو لە ئێران دەکات

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١٠ پاش نیوەڕۆ

نەوتی زۆرە و سوتەمەنی کەم؛ قەیرانێکی بێوێنەی سوتەمەنی ڕوو لە ئێران دەکات

پەنجەرە

کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی وزەیە لە جیهاندا، لە ئێستادا لەنێو قەیرانێکی ئابووری و تەکنیکیی سەیردا دەتلێتەوە؛ وڵاتێک کە لەسەر دەریایەک نەوت خەوتووە، خەریکە لە بێ سوتەمەنیدا دەخنکێت.

ئەم دژیەکییە ئابوورییە، ئێرانی تووشی دۆخێک کردووە کە نەوتی خاوی هەیە و جێگەی نابێتەوە، کەچی بۆ دەستکەوتنی لیترێک بەنزین چاوی لە دەستی وڵاتانی دراوسێ و دۆستەکانێتی.

لافاوی نەوتی بێ کڕیار

بەهۆی گەمارۆ توندەکان و ئابلۆقەی سەر بەندەرەکان و گەرووی هورمز، هەناردەی نەوتی ئێرانی بە تەواوی پەکیکەوتووە. ئەمەش وایکردووە ئێران ڕووبەڕووی کێشەی "تەقینی کۆگاکان" ببێتەوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو کۆگاکانی نەوت لە پاڵاوگە و بەندەرەکاندا پڕ بوون، دەسەڵاتدارانی تاران ناچار بوون پەنا بۆ کۆگای کۆنەکان و تانکەری ئاوی وازلێهێنراو و تەنانەت کەشتییە پەککەوتووەکانی ناو دەریا ببەن بۆ هەڵگرتنی ئەو نەوتە خاوەی کە کەس لێیان ناکڕێت.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئێران ناچار دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بۆ نیوە کەم بکاتەوە، ئەمەش کارەساتێکی تەکنیکییە، چونکە داخستنی بیرە نەوتەکان و دووبارە کردنەوەیان تێچوویەکی خەیاڵیی دەوێت و زیان بە ژێرخانی کێڵگەکان دەگەیەنێت.

بۆچی ئێران بەنزینی نییە؟

پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە: وڵاتێک کە نەوتی زیادەی هەبێت، بۆچی دەبێت تووشی قەیرانی سوتەمەنی ببێت؟

وەڵامەکە لە سێ خاڵدا چڕ دەبێتەوە، یەکەمیان پەککەوتنی پاڵاوگەکانە.

بەهۆی ساڵانێکی درێژ لە گەمارۆ، پاڵاوگەکانی ئێران کۆن بوون و پارچەی یەدەگیان دەست ناکەوێت، ئەمەش وایکردووە توانای گۆڕینی نەوتی خاویان بۆ بەنزین و گازوایل بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.

لەلایەکی ترەوە بەهۆی پاڵپشتیی دارایی حکومەت بۆ نرخی سوتەمەنی، ئاستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بەرزە و بەشێکی زۆریشی بە قاچاخ دەچێتە دەرەوە.

هاوکات لە ئێستادا بەشێکی زۆری سوتەمەنییە بەرهەمهێنراوەکان بۆ کەرتی سەربازیی و ئامێرە جەنگییەکان تەرخان دەکرێت، ئەمەش بازاڕی سوتەمەنی مەدەنیی تووشی وشکەساڵی کردووە.

پوختەی دۆخەکە ئەوەیە، ئێران لە دەریایەک نەوتی خاودا دەخنکێت کە نە دەتوانێت بیفرۆشێت و نە دەتوانێت بیپاڵێوێت، لە هەمان کاتدا هاوڵاتیانی لە سەرەی درێژی بەنزینخانەکاندا چاوەڕێی لیترێک بەنزینی هاوردەکراو دەکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو