وەزارەتی دارایی عێراق؛ بۆمبێکی تەوقیتکراو بۆ کورد
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ململانێی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتە سیادییەکان پێ دەنێتە قۆناغێکی هەستیارەوە.
لە نوێترین پەرەسەندندا، لایەنە شیعەکان دەیانەوێت وەزارەتی دەرەوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەربگرنەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بە ئاستی جدییەتی لایەنەکان و نەرمی نواندنی پارتی لە کاتی دانوستانەکاندا.
وەزارەتی دەرەوە؛ لە نێوان دەستخۆشی و نیگەرانیدا
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی سیاسی عێراق بۆ پەنجەرە، لایەنە شیعەکان تێڕوانینێکی دژبەیەکیان لەسەر ئەدای وەزارەتی دەرەوە و وەزیرکەی (د. فواد حسێن) یان هەیە.
هەرچەندە ئەو لایەنانە پێشوازییان لە هەڵوێستەکانی وەزارەتەکە کردووە لە کاتی "شەڕی ١٢ ڕۆژە"دا، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانییەکی زۆریان هەیە سەبارەت بە مامەڵەکردنی وەزارەتەکە لەگەڵ لێکەوتەکانی "شەڕی ٢٨ی شوبات"، ئەمەش پاڵنەری سەرەکییە بۆ ئەوەی بیانەوێت پۆستەکە لە کورد وەربگرنەوە.
وەزارەتی دارایی؛ پۆستێک هەمووان خۆیان لێی بەدوور دەگرن
لە بەرامبەر داواکردنی وەزارەتی دەرەوە، لایەنە شیعەکان پێشنیاری پێدانی وەزارەتی دارایی یان وەزارەتێکی دیکە بە کورد دەکەن. بەڵام ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە کە وەرگرتنی وەزارەتی دارایی بۆ کورد لەم قۆناغەدا وەک "قەیرانێکی ئامادەکراو" دەبینرێت، بەهۆی ئەوەی:
* خراپی دۆخی ئابووری: عێراق لە ناوەڕاستی تەنگژەیەکی دارایی قووڵدایە و پێشبینی دەکرێت دۆخەکە بەرەو خراپتربوون بڕوات.
* ترس لە شەقامی عێراقی: لایەنە سیاسییەکان، بە شیعە و کوردیشەوە، دەترسن لە وەرگرتنی ئەم پۆستە؛ چونکە هەر شکستێکی دارایی یان دواکەوتنی مووچە، لایەنی سەرپەرشتیاری وەزارەتەکە دەخاتە بەردەم توڕەیی و ناڕەزایەتییە توندەکانی شەقامی عێراقی.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان
تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە ئایا پارتی دەستبەرداری وەزارەتی دەرەوە دەبێت یان نا. سەرکەوتنی پلانی لایەنە شیعەکان تەنها پەیوەست نییە بە داواکارییەکانیان، بەڵکو پەیوەستە بەوەی تا چەند دەتوانن لە بەرامبەر وەزارەتی دەرەوەدا، پۆستێکی وەها بە کورد بدەن کە باری دارایی و سیاسیی هەرێم و لایەنەکان قورستر نەکات و پێیڕازی بێت.