تەلسمی زیقار؛ ئایا عەلی زەیدی کۆتایی بە هەژموونی بەغدا دەهێنێت؟

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١٣ پاش نیوەڕۆ

تەلسمی زیقار؛ ئایا عەلی زەیدی کۆتایی بە هەژموونی بەغدا دەهێنێت؟

پەنجەرە

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣وە، نەخشەی سیاسیی عێراق گۆڕانکاری بنەڕەتی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە ڕووی جوگرافیای سیاسییەوە، پۆستی سەرۆکوەزیران بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەستی "بەغدادییەکان"دا بووە. 

لە کۆی ئەو هەشت کەسایەتییەی وەک سەرۆکوەزیران (بە کاندیدی ڕاسپێردراویشەوە) دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، ٥ کەسیان لەدایکبووی شاری بەغدان.

کەربەلا و بەغدا: کێبڕکێی ناسنامە و پێگەی سیاسی

لە سەرەتای پرۆسەی سیاسیی نوێدا، کێبڕکێیەک لە نێوان پێگەی جوگرافی کاندیدەکاندا بەدی دەکرا. ئەیاد عەلاوی کە وەک یەکەم سەرۆکوەزیرانی دوای بەعس و لە دەرەوەی بازنەی بژاردەی لایەنە ئاینییە شیعەکان دەسەڵاتی گرتە دەست، خەڵکی بەغدا بوو. بەڵام دوای ئەو، هەریەک لە ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیکی کە وەک کاندیدی هێزە شیعەکان چوونە سەر کورسی دەسەڵات، ناسنامەی شاری "کەربەلا"یان هەڵگرتبوو.

سەردەمی بەغدادییەکان و گۆڕانی هاوکێشەکان

دوای نوری مالیکی و لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی وەک شەڕی داعش و سەرهەڵدانی ئەمری واقیعی نوێ، پۆستەکە دووبارە بۆ "بەغدادییەکان" گەڕایەوە. هەر سێ سەرۆکوەزیرانی دواتر (عەبادی، عەبدولمەهدی و کازمی) و تەنانەت سەرۆکوەزیرانی ئێستاش (سودانی) هەموویان لەدایکبووی پایتەختن. تەنها لەم دواییانەدا عەلی زەیدی، وەک کاندیدی ڕاسپێردراو، ئەم هاوکێشەیەی شکاندووە و نوێنەرایەتی باشوور (پارێزگای زیقار) دەکات.

لیستی سەرۆکوەزیرانەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

* ئەیاد عەلاوی: لە ساڵی ١٩٤٤ لە بەغدا لەدایکبووە.
* ئیبراهیم جەعفەری: لە ساڵی ١٩٤٧ لە کەربەلا لەدایکبووە.
* نوری مالیکی: لە ساڵی ١٩٥٠ لە کەربەلا لەدایکبووە.
* حەیدەر عەبادی: لە ساڵی ١٩٥٢ لە بەغدا لەدایکبووە.
*عادل عەبدولمەهدی: لە ساڵی ١٩٤٢ لە بەغدا لەدایکبووە.
*مستەفا کازمی: لە ساڵی ١٩٦٧ لە بەغدا لەدایکبووە.
*محەمەد شیاع سودانی: لە ساڵی ١٩٧٠ لە بەغدا لەدایکبووە.
*عەلی زەیدی: لە ساڵی ١٩٨٦ لە زیقار لەدایکبووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو