شاگرد لە کۆشکی دەسەڵاتدا: چیرۆکی ئەو پۆستەی مالیکی بە کەسی ڕەوا نابینێت

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١٦ پاش نیوەڕۆ

شاگرد لە کۆشکی دەسەڵاتدا: چیرۆکی ئەو پۆستەی مالیکی بە کەسی ڕەوا نابینێت

پەنجەرە

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، تا پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق خاوەن هەژموون نەبوو ، بەڵام توانی بە سوودوەرگرتن لەو پۆستە، خۆی وەک یەکێک لە جەمسەرە هەرە گەورەکانی نێو ماڵی شیعە بسەلمێنێت. 

هەرچەندە بارودۆخی ناسەقامگیریی عێراق و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری خاکی وڵات لەلایەن داعشەوە، مالیکییان ناچار کرد واز لە پۆستەکەی بهێنێت، ئەگەرنا بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات نەدەبوو.

عەبادی و سەرەتای درزەکان لەنێو حزبی دەعوەدا

کاتێک مالیکی ناچار کرا کورسیی سەرۆکایەتی وەزیران چۆڵ بکات، حەیدەر عەبادی جێگەی گرتەوە کە هەردووکیان بەرپرسی باڵای حزبی دەعوە بوون. 
دەستبەکاربوونی عەبادی لە شوێنی مالیکی، ناکۆکییەکی قووڵی لەنێوانیاندا دروستکرد کە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە؛ هەر ئەوەش وایکرد مالیکی بە توندی دژی کاندیدکردنەوەی عەبادی بوەستێتەوە. 
عەبادیش هاوشێوەی مالیکی سوودی لە پۆستەکەی وەرگرت و هاوپەیمانیی "نەسر"ی دامەزراند، بەڵام دوای ئەوەی ڕێگری لێکرا لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، هاوپەیمانێتییەکەی بەرەو هەڵوەشانەوە چوو.

ڕەگ و ڕیشەی ڕقێکی سیاسی

رقی سیاسیی مالیکی بەرامبەر بە عەبادی گەیشتە ئاستێک، کە عەبادی وەک دوا سەرکردەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی زانی کە "عەلی زەیدی" کاندید کراوە. 
سەرچاوەی ئەم نەیارێتییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عەبادی پۆستی سەرۆکوەزیرانی دوای ئەوی وەرگرت و لە حزبی دەعوە جیابووەوە بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانی نەسر.

لە عەبادییەوە بۆ سودانی؛ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە

هەمان ئەو هۆکارانەی بوونە مایەی ناکۆکی لەگەڵ عەبادی، لەنێوان مالیکی و سودانیشدا سەریان هەڵدایەوە؛ بەتایبەت کاتێک سودانی پابەند نەبوو بەو بەڵێنەی کە دابووی بە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکنەهێنانی هاوپەیمانیی تایبەت بە خۆی. دواجار عینادیی سیاسیی مالیکی ڕێگەی نەکردەوە سودانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
لەکاتێکدا هەژموونی مالیکی بەردەوامی هەیە و ململانێکانی بۆ دەچێتە سەر، لەڕووی ژمارەی کورسی پەرلەمانییەوە وەکخۆی ژمارەیەکی کەم کورسی هەیە.

عەلی زەیدی و نەریتی نوێ

لە ئێستادا کە عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کراوە، بەڵێنی پێشوەختەی لێ وەرگیراوە کە هیچ حزب و هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێکنەهێنێت. 
بەم جۆرە، مالیکی کە خۆی لە ڕێگەی پۆستی سەرۆکوەزیرانەوە پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی بەهێز کرد، ئێستا دژی هەموو ئەو کەسانە دەوەستێتەوە کە بیانەوێت پۆستەکە بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنن.
لەمەودوا، هەر کەسێک چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستە بێت، نابێت خاوەنی حزب و کوتلەی خۆی بێت، بەڵکو دەبێت تەنها بیر لە ڕازیکردنی لایەنە شیعەکان بکاتەوە؛ واتە کەسێکی لاواز بێت و وەک "شاگردی" هێزە شیعەکان دەربکەوێت. 
وەرگرتنی ئەم بەڵێنە لە عەلی زەیدی، ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە نەریتێکی سیاسی چەسپاو، کە چیتر سەرۆکوەزیرانەکان خاوەن کوتلەی پەرلەمانی و پاڵپشتیی سەربەخۆ نەبن، بەڵکو تەنها کارەکتەرێک بن بۆ ڕازیکردنی سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی شیعە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو