نوبیتێکس؛ پەنجەرەیەکی نهێنی بۆ دەربازبوونی ئێران لە سزاکان

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١٨ پاش نیوەڕۆ

نوبیتێکس؛ پەنجەرەیەکی نهێنی بۆ دەربازبوونی ئێران لە سزاکان

پەنجەرە

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پلاتفۆرمی "نوبیتێکس" (Nobitex) کە لەلایەن دوو براوە دامەزرێنراوە، لە سەرەتای کارکردنییەوە تا ئێستا مامەڵەی دارایی بە بەهای دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار ئەنجامداوە کە پەیوەندییان بە لایەنە سزادراوەکانی وەک بانکی ناوەندیی ئێران و سوپای پاسدارانەوە هەبووە.

نوبیتێکس (Nobitex) گەورەترین پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانە لە ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٧وە دەستی بە کارەکانی کردووە. ئەم پلاتفۆرمە وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ کڕین و فرۆشتنی دراوە کریپتۆکان (وەک بیتکۆین، تێزەر و ئەتێریۆم) بە تمەن بەکاردێت.

ناسنامەی نهێنی دامەزرێنەران

ئەم دوو برایە سەر بە خێزانی "خەڕازی"ن، کە یەکێکە لە دەستڕۆیشتووترین خێزانەکانی ناو کۆماری ئیسلامی. بەڵام تۆمارە فەرمییەکان  دەرخەری ئەوەن لە کاتی دامەزراندنی پلاتفۆرمەکە، نازناوی "ئاقامیر"یان بەکارهێناوە، ئەم نازناوە لەناو خێزانەکەیاندا کەم بەکاردێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی ناسنامە ڕاستەقینەکەیان.

پێگەی نوبیتێکس لە ئابووریی ئێراندا

لەگەڵ دابڕانی ئێران لە سیستەمی بانکیی جیهانی و دابەزینی بەهای تمەن، ئێرانییەکان ڕوویان لەم پلاتفۆرمە کردووە. نوبیتێکس ڕایگەیاندووە کە ۱۱ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، واتە زیاتر لە %۱۰ی دانیشتووانی ئێران. سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، ئەم پلاتفۆرمە توانیویەتی تا ئێستا لە سزای ڕاستەوخۆ ڕزگاری بێت و ڕۆیتەرزیش نەیتوانیوە هۆکاری پشتگوێخستنی ئەم کۆمپانیایە لە لیستی سزاکان بدۆزێتەوە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات

ئاشکرابوونی پەیوەندیی ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ نوخبەی سیاسی لە کاتێکی هەستیاردایە، بەتایبەت دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشێکی ئاسمانی لە شوباتی ڕابردوو و دەستپێکی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران، کە بووە هۆی زیاترکردنی هەژموونی سوپای پاسداران بەسەر ئابووریی وڵاتدا.

براکانی خەڕازی پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ بنەماڵەی خومەینی و خامنەیی و تەنانەت موجتەبا خامنەیی (ڕێبەری ئێستای وڵات) هەیە.

لێکۆڵینەوەکە ئاشکرای دەکات کە نوبیتێکس وەک "ئەڵقەیەکی ناوەندی" لە سیستەمێکی دارایی هاوتەریب کاردەکات بۆ گواستنەوەی پارە لە دەرەوەی چاودێریی وڵاتانی ڕۆژئاوا. 

بەپێی شیکارییەکانی کۆمپانیای "کریستاڵ ئینتێڵجێنس"، دەوڵەتی ئێران ئەم پلاتفۆرمە بەکاردێنێت بۆ ناردنی پارە بۆ هاوپەیمانەکانی لە دەرەوە.
هەروەها شەش فەرمانبەری پێشووی نوبیتێکس پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئاگاداری گواستنەوەی پارەی حکومەتی بوون کە لەژێر سزادایە.

کارکردن لە کاتی جەنگ و پچڕانی ئینتەرنێتدا

سەرەڕای پچڕانی ئینتەرنێت بە فەرمانی حکومەت و بڕانی کارەبا لە تاران لە کاتی جەنگدا، نوبیتێکس بەردەوام بووە لە کارکردن و لەو ماوەیەدا مامەڵەی بە بەهای زیاتر لە ۱۰۰ ملیۆن دۆلار ئەنجام داوە. 
ئێلیزابێس وارن، سیناتۆری ئەمریکی، ئەم ڕاپۆرتەی بە "زەنگی مەترسی" ناوبرد و ڕایگەیاند کە نەیارانی ئەمریکا دراوە دیجیتاڵییەکان وەک جێگرەوەی سیستەمی دارایی جیهانی بەکاردێنن.

نوبیتێکس بۆ ئەوەی لەلایەن لێکۆڵەرانی ڕۆژئاواییەوە ئاشکرا نەبێت، بەردەوام ناونیشانی "وۆڵێت"ە دیجیتاڵییەکان دەگۆڕێت . هەروەها ئامۆژگاری کڕیارەکانی دەکات کە مامەڵە گەورەکان بەسەر چەندین ئەژماری جیاوازدا دابەش بکەن تا شوێنپێهەڵگرتنیان ئەستەم بێت.

وەڵامی نوبیتێکس

کۆمپانیای نوبیتێکس لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە هەموو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حکومەت یان سوپای پاسداران ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و سەربەخۆیە. 
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە چەندین جار لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر و بەڕێوەبەرەکەیان دەستگیر کراوە، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵات نیشان دەدەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو