کاندیدی "کۆدەنگییە ئەستەمەکان" لە بەردەم ماڵە ساردەکەی کورددا

٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٢٠ پاش نیوەڕۆ

کاندیدی "کۆدەنگییە ئەستەمەکان" لە بەردەم ماڵە ساردەکەی کورددا

پەنجەرە

لە کاتێکدا ناوچەکە لەناو گێژاوی ململانێیەکی توندی ئیقلیمیدایە، عەلی زەیدی، کاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بە گەشتێک گەیشتە هەرێمی کوردستان. 

ئەم سەردانە تەنها پرۆتۆکۆلێکی سیاسی نییە، بەڵکو هەوڵێکی پێشوەختەیە بۆ داڕشتنی نەخشەی کابینەیەک کە لە نێوان تەنگژە داراییەکان و ئاڵۆزییە ئەمنییەکاندا لەدایک دەبێت.

بازەکەی سەر شانی زەیدی؛ لە بازرگانییەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات

عەلی زەیدی، کە وەک ناوێکی "ون" و بێ پێشینەی سیاسی لە نێو بازنە تەقلیدییەکانی دەوڵەتمەداریدا دەبینرێت، لە ساتێکی مێژوویی هەستیاردا ڕاسپێردرا. 

ئەو کە باکگراوندێکی ئابووری و بازرگانی بەهێزی هەیە، ئێستا دەبێت لە جیاتی بازاڕ، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئاڵۆزی وەک "داخرانی تەنگەی هورمز"، "کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل" و "کەڵەکەبوونی تەنگژە داراییەکانی سەردەمی سودانی" بکات.

جگە لە لایەنە ئابوورییەکە، زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئەمنی سەختدایە؛ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی کە هاوکات خاوەن کورسی پەرلەمانین و دەیانەوێت پشکی شێریان لە حکومەتە نوێیەکەدا هەبێت.

پشتیوانییەکی بێوێنەی نێودەوڵەتی؛ "هاوڕێیەتی" ترەمپ و تاران

خاڵی جەوهەری کە زەیدی لە سەرۆک وەزیرانی پێشوو (مالکی، عەبادی، کازمی و سودانی) جیا دەکاتەوە، ئەو کۆدەنگییە خێرایەیە کە لەسەری دروست بوو. بۆ یەکەمجار، واشنتن و تاران و پایتەختە عەرەبییەکان و ئەنقەرە لەسەر یەک ناو کۆکن.

تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، کە لە خولەکانی سەرۆکایەتیدا ساردوسڕ بوو بەرامبەر سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، ئێستا وەک "هاوڕێ" باسی زەیدی دەکات. نیشانەی ئەم پشتیوانییەش لە ئازادکردنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبەسەرداگیراوی عێراق لە ئەمریکا دەستی پێکرد، وەک دیارییەک بەر لە دەستبەکاربوونی.

کوردستان؛ مەنزڵگەیەک لەناو ناکۆکییە ناوخۆییەکاندا

سەردانەکەی زەیدی بۆ هەرێم لە کاتێکدایە کە ناوماڵی کوردی لە لوتکەی "بیماریدایە". پەرلەمان پەکخراوە، حکومەتی هەرێم چوار ساڵە کاربەرێکەرە، و پەیوەندییەکانی پارتی و لایەنە کوردییەکانی دیکە لە خراپترین دۆخدایە؛ تا ئەو ئاستەی پارتی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی لە بەغداد کردووە.

لەم نێوەندەدا، کێشە "درێژخایەنەکان" وەک: (میکانیزمی دابەشکردنی مووچە و بودجە، ناکۆکییە دەستوورییەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز، دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکان)، هەموو ئەمانە وەک خۆیان ماونەتەوە و چاوەڕێی "کاندیدە گەنجەکە" دەکەن.

پرسیارە جەوهەرییەکە

هەرچەندە عەلی زەیدی بە جانتایەکی پڕ لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەوە هاتووەتە هەرێم، بەڵام پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە: لە سایەی ئەم پارچەپارچەییەی ناوخۆی هەرێم و بایکۆتی لایەنە سەرەکییەکان، ئایا کورد دەتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و شتێک لە "بێستانی ئەم پشتیوانییە" بچنێتەوە، یان قەیرانە ناوخۆییەکان دەبنە ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ بەغدای نوێ؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو